Azad Muhemmed
30 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2016
لە رێوەڕەسمی کردنەی پێنجەمین پێشانگای کتێب لە دھۆک جێگری پارێزگای دھۆک، بەھزاد عەلی دوای گەڕان و چاوخشاندن بە پەرتووکەکانی پێشانگاکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جێگەی خۆشحاڵییە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ کە ھەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، گرنگی بە خوێندن و خوێندەوەی کتێب دەدرێت، پێویستیشە بە ھەموو توانایەکمان پشتگیری خوێنەری کورد بکەین، خاڵێکی تریش کە دەمەوێت باسی بکەم ئەویش ئەوەیە پێشانگاکە لە سەنتەری زانکۆی دھۆک کراوەتەوە ئەمەیش بۆ زیاتر سوود گەیاندنە بە قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ و ھەموو چین و توێژەکان".
لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەرتووکانەی کە بیری توندڕەوی بڵاودەکەنەوە بەرنامەتان چییە؟ لە وەڵامدا جێگری پارێزگای دھۆک گوتی: "بێگومان لە بەرنامەماندا ھەیە کە ھەموو ئەو ھەوڵ و کتێبانە پووچەڵبکەینەوە کە دەیانەوێت بیری توندڕەوی لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا بڵاوبکەنەوە، رێگە نادەین ئەم ھەرێمە ببێتە جێگەی توندڕەوان، چونکە لە دێرزەمانەوە ھەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی جێگەی ئارامی و پێکەوە ژیانی ھەموو چین و توێژەکانن بەبێ جیاوازی، بۆ ھێشتنەوەی ئەو کولتوورە مرۆڤایەتییە لە کارنامەی حکوومەتی ھەرێم و دام و دەزگاکانی رۆشنبیری دایە کە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی و ژیاندۆستی شتکست بە ھەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی توندڕەوی بھێنن".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی دھۆک، ئیدریس غازی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە پێنجەمین پێشانگای کتێبە لە پارێزگای دھۆک دەکرێتەوە، ئەم پێشانگایە بۆ ماوەی ھەشت رۆژ بەڕووی خوێنەران و خوازیارانی کتێب کراوەیە و داشکاندنی ٥٠% بۆ نرخی ھەر پەرتووکێک کراوە بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی نەبێتە ھۆکارێک بۆ دابڕانی ھاووڵاتییان لە خوێندن و خوێندنەوە"
ئیدریس غازی گوتیشی: "ئەمساڵیش ھەموو جۆرە پەرتووکێک لە زمانی جۆراوجۆرمان بۆ خوێنەران دابینکردووە، بەڵام ئەمسال زۆرینەی ئەو پەرتووکانەی لە پێشانگاکە دەخرێنەڕوو، پەرتووکی زانستین بە زمانی ئینگلیزی ئەوەش لەسەر داوای قوتابیانی زانکۆ بووە تاوەکو سوود مەندبن".
ناوبراو گوتیشی: "بەڕاستی ئەو قەیرانە دارایییەی رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، تا رادەیەکی زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر پەرتووک خوێندنەوە جێھێشتووە، چونکە لەبەر بارودۆخی ناھەمواری خەڵک و بوونی قەیرانەکان خەڵکیش کەمتر روو لە خوێندنەوەی پەرتووک دەکەن، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نەتانەت نووسەرانیش بێبەش نەبووە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەیرانی دارایی، ئەمانیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرھەمەکانیان کەمکردووە".
خوێنەرانی ناو پێشانگاکە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتیان "سەرەڕای ئەوەی چەندین پەرتووکی بەسوود لە پەرتووکخانەکانی پێشانگاکا خراوەتەڕوو، بەڵام تا رادەیەک پەرتووکی نوێ کەمن، بۆیە داواکارین پەرتووکی نوێ بکەوێتە دەستمان وبیخوێنینەوە، جگە لەمەیش ھیوادارین نووسەرانی کورد بەرھەمیان زیاتر بکەن، چونکە لە ھەر پێشانگایەک بەشدار دەبین زۆرینەی کتێبەکان نووسەری تورک و عەرەب و فارس-ن، کتێبەکانی ئەوانیش دەخوێنینەوە، بەڵام دەشبێت نووسەران و شاعیران و زانایانی ئێمەیش بەرھەمەکانیان بەشێوەی ھەموو نەتەوەکانی تر باشتر بکەن".