Rewan Niheli
12 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2016
دھۆک - AA
گوتەبێژی ھۆزەکانی عەرەب لە پارێزگای نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحویت:
-"خوازیارین تورکیا بەشدار بێت لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا".
- "کردنەوەی سەربازگەی تورکیا لە باشیک لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر داوای حەیدەر عەبادی بووە".
- "مالیکی دەیەوێت بەربەست بۆ پرۆسەی شەڕی مووسڵ دروست بکات".
گوتەبێژی ھۆزەکانی عەرەب لە پارێزگای نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحویت کە ھاوکات شێخی عەشیرەتی جحێشە راگەیاند "ئێمە خوازیارین تورکیا بەشدار بێت لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا و کردنەوەی سەربازگەی تورکیا لە باشیک لە ساڵی ٢٠١٤ لە سەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بووە بۆ مەشقپێدانی ھێزە ئەمنییە عیراقیەکان و چەکدارانی حەشدی نیشتمانی، ئێستا مالکی دەیەوێت بەربەست بۆ پرۆسەی شەڕی مووسڵ دروست بکات".
شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحویت لە دێدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆلۆ، بەشداریکرنی تورکیا لە شەڕی کۆنترۆلکردنەوەی مووسڵ بە گرنگ زانی و گوتی: "تورکیا ئەندامی ناتۆ و ھاوپەیمانە لە شەڕی دژبە داعش، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئە وڵاتە بەشدار بێت لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، ھەروەھا رێکخراوی تیروریستی پەکەکە لە شنگال دەربکات چونکە سەرچاوەی کێشەن بۆ خەڵکی ناوچەکە".
شێخی عەشیرەتی جحێش باسی لەوەکرد کە تورکیا ھیچ نیازیکی خراپی نییە و گوتی: "چاکەی تورکیا لە بیر ناکەین. کاتێک داعش مووسڵی کۆنترۆڵ کرد ھەزاران هاووڵاتی شارەکە ئاوارەی تورکیا بوون و رەفتارێکی چاکیان لەگەڵدا دەکرێت، جێگای شانازییە بۆ ئێمە کە تورکیا بەشدار بێت لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ چونکە تورکیا رەفتاری چاک لەگەڵ ھاووڵاتییانی سڤیل دەکات و کەلوپەلەکان دەپارێزێت، بەڵام حەشدی شەعبی نیازی ئەوەیە بەشداری شەڕی مووسڵ بکات و کوشتار و تاوان و تاڵانکاری ئەنجام بدات، کە ئەمەش جێگای مەترسیە".
شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحویت گوتیشی: "ئێمە و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، چەندین جار بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ رەتکردووەتەوە، چونکە ئیران پاڵپشتیان دەکات. ھێزی حەشدی نیشتمانی توانای ئەوەی ھەیە مووسڵ کۆنترۆڵ بکات چونکە لەسەر دەستی ھێزی تورکیا مەشقیان پێ کراوە و لە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی ھۆزەکانی عەرەبی نەینەوا پێکھاتوون. ئێمە دەبینین کە قاسم سولەیمانی چۆن سەردانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراق دەکات. عێراق وەک وڵات نەماوە. ئێران وا رەفتار دەکات کە ئەو پارێزگایانە سەربە ئێرانن. کوا سەروەری عێراق. ئێمە وەکو ھۆزەکانی نەینەوا ھیچ جارێک نەمانبینیوە کە بەرپرسێک یان سەرکردەیەکی سەربازی تورکی سەردانی ھیچ ھێزێکی عێراقی کردبێت، ئیران و نوری مالیکی لە پشت ئەو قسانەی کە دەڵێن دەبێت تورکیا لە عێراق دەربچێت، ئێران و مالکی دەیانەوێت بەربەرست بۆ پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دروست بکەن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ قورس دەبێت و گوتی: "ئەگەر ئیران و مالیکی بەربەستیان دورست نەکردبایە، سێ مانگ دەبوو، مووسڵ رزگارکرابوو، ئیران ھەر دەیەوێت حەشدی شەعبی بەشداری پێ بکات بۆ ئەوەی کوشتار دەرهەق بە عەرەبی سوننە ئەنجام بدات و ئاوارەیان بکات".
گوتەبێژی ھۆزەکانی عەرەب لە پارێزگای نەینەوا باس لە بوونی چەندین ھێز کرد لەناو مووسڵ کە رۆژانە داعش دەکوژن، بەڵام بە شاراوە کار دەکەن و گوتی: "لە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، ئەو ھێزانە چالاکیان لەناو مووسڵ زیاتر دەبێت و بە توندتر رووبەڕووی داعش دەبنەوە".