دھۆک
پاش ئەوەی دوێنێ نوێنەری نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجلینا جولی گەیشتە ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای دھۆکی کرد و چەند کەمپێکی ئاوارەکانی بە سەر کردەوە.
جولی سەردانی کەمپی دومیز و ھەر دوو کەمپی خانکێی کرد و لە نزیکەوە رەوشی پەنابەرانی دیت و ھاوخەمی خۆی بۆ ئەو خێزانانە دەربڕی کە بە دەست داعش کوژراون یاخود بە دیل گیراون.
ئەنجلینا جولی لە کەمپی خانکێ لە شاری دھۆک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی رێکخست و گوتی: "خۆشحاڵم بەسەرکردنەوەی ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ئامانجی سەردانەکەم بۆ ھەرێم راکێشانی سەرنجی جیھانە لە کێشەی ئاوارەکانی ئەم ناوچەیە. ھەروەھا لە نێو کەمپ گوێبستی چەند چیرۆکی ئافرەتی گەنجی ئێزدی بووم کە بەڕاستی کارەسات بوو".
جولی گوتیشی: "پێویستە نەھامەتییەکانی ئاوارەکان بەگشتی کۆتایی پێ بێت، وای دەبینم ئەو کەسانەی پاش ئەوەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رزگاریان بووە، یارمەتی بدرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی زیاتریان بکات".
نوێنەری نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکۆتاییدا گوتی: "پێویستە ھەموومان یارمەتی ھاوکاری مادی و مەعنەوی بە ئاوارەکان بگەیەنن".
پەنابەرێک لە کەمپی خانکێ بە ناوی شەمۆ قاسم لەبارەی سەردانی ئەنجلینا جولی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە پێویستیمان بە ھەموو پێداویستییەکی ئەو خێرخوازانە ھەیە و ئێمە ئەو خێرخوازانە ناناسین ھەر رێکخراوێک دێتە ئێرە تەنیا بۆ چەند ماڵێک خۆراک و پێداویستی دەھێنێت. ئەویش کارێکی خراپە بەجۆرێک دووبەرەکی دەکەوێتە نێوان پەنابەران".
ھەروەھا باسی لە رەوشی خێزانی خۆی کرد کە نۆ کەس لە خێمەیەک دەژین و ئەو شەوانەی زستان زۆر زەحمەت تێپەڕ دەبێت بۆیان و گوتی: "کەمپی خانکێ شوێنی ژیان نییە ئێمە لە سەرما و برسییەتی گیان دەدەین. من ئامادەم ئەندامی لەشی خۆم بفرۆشم هەتا بتوانم منداڵەکانی خۆم بەخێو بکەم".
کەمپی خانکێ سەر بە قەزای سێمێلە و دەکەوێتە رۆژئاوای دھۆک و ئەو کەمپە لە دوو بەش پێک دێت. بەشی یەکەم لە سەرەتای رێگەی سەرەکی خانکێ هەتا کۆتایی ئەو کۆمەڵگایە و بەشی دووەم لە خوارووی کۆمەڵگەی خانکێ دروست کراوە کە بەگشتی نزیکەی سێ ھەزار خێزانی ئێزدی تێدا نیشتەجێ بووە.
ئەو کەمپە ھەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە شەنگال دروست کراوە و دانیشتوانی ئەو کەمپە ھەموو ئێزدین و ئەو ناوچەیە چەندین پەرستگەی بەناوبانگی ئێزدییەکانی تێدایە.
ئەنجلینا جولی ئەکتەری بەناوبانگی سینەمای ئەمریکایە لە ساڵی ١٩٧٥ لەدایک بووە و ھەتا ئێستاش خەڵاتی ئۆسکار و چەندین خەڵاتی ھۆلیوودی بەدەست ھێناوە و بەکەسێک ھەڵسووڕ بۆ کاروباری مرۆیی لە جیھاندا ناسراوە.