ھاوسەرۆكی ھەدەپە فیگەن یوكسێكداغ، لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی "دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و كارەكانی ھەدەپە بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ٢٠١٥" كە لە لایەن فیدراسیۆنی كرێكارانی كۆچبەری ئەڵمانیا سازكرابوو، گوتەیەكی سەبارەت بە بەشداریكردنی پارتەكەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی پێشكەشكرد."
یوكسێكداغ گوتی: "ئەو سنوورەی بۆ ئێمە دانراوە، دەیبەزێنین، لەگەڵ كەس دانەنیشتووین و بازرگانیمان نەكردووە، نەمان گوت كە بەنداوی ھەڵبژاردن بێننە خوارەوە، تا ئەمڕۆ چیمان بە دەست ھێنابێت بەھەوڵ و كۆششی خۆمان بەدەستمان ھێناوە، ئەمجارەش خۆمان سەركەوتن بە دەست دێنینن و بەسەر بەنداوی ھەڵبژاردندا تێپەڕ دەبین وەك ئەوەی لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بەسەر ئەو بەنداوەدا سەركەوتین".