05 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2020
دهۆک - AA
لەگەڵ ھاتنەوەی مانگی رەمەزان، خەڵکی شاری دھۆک بە پەرۆشبوون بۆ مزگەوتەکان و ئەنجامدانی نوێژی تەراویح تیایاندا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا دەرگای مزگەوتەکان لە مانگی رەمەزاندا بە داخراوی ماونەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ھۆکاری ئەوەی کە خەڵک نوێژی تەراویح بەجێ نەگەیەنێت و زۆرینەی خەڵک لە ماڵەکانیاندا لەگەڵ خێزانەکانیان نوێژی تەراویح ئەنجام دەدەن.

لەمبارەیەوە مامۆستای ئاینیی مەلا حسێن دوسکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆرۆنا و داخستنی دەرگای مزگەوتەکان ھەرچەند خەمێکی گەورەبوو، بەڵام سوودیشی ھەبوو، چونکە ھەموو ماڵەکان بوون بە شوێنی عیبادەتکردن و خوا و پێغەمبەریش فەرمانمان پێ دەکەن کە ماڵەکانمان رووناک بکەینەوە بە ئەنجامدانی عیبادات تیایاندا".

هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، سەباح عەلی بابیری کە ئەویش نوێژی تەراویح لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانی دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عیبادات لە ئاینیی ئیسلامدا پەیوەست نییە تەنها بە شوێنێکی دیارکراو، بەڵکو موسڵمانان دەتوانن لە ھەموو شوێنێک عیبادەت بکەن و ئێمەش نوێژی تەراویح لە ماڵەوە دەکەین، چونکە دەزانین خوپارێزی لە نەخۆشیەکانیش ئەرکێکی ئاینییە و ھەرچەند دەرگای مزگەوتەکان داخراوبن، بەڵام خەڵک ناھێلێت ئەمە ببێت بەھۆی ئەنجامنەدانی عیبادەت و لە ھەموو شوێنەکان ئەرکە ئاینییەکانیان بە جێ دەگەیەنن".

هەروەها ھاووڵاتی شاری دھۆک، فەلاح بامەرنی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دڵەکانمان لای مزگەوتە، بەڵام ناشھێلین داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بەهۆی کۆرۆناوە کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی عیبادەتمان بکات و ئێمە پێمان وایە ئەگەر نوێژی تەراویح لە ماڵەوە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمان بکەین، ھەمان خێری کردنی تەراویح لە مزگەوت پێمان دەگات چونکە ئەمە بارودوخێکی تایبەتە و دەبێت ھەموومان خومان بپارێزین".
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان حکوومەتی ھەرێم چەندین رێوشوێنی گرتە بەر بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە و یەکێک لەو رێوشوێنانە داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بوو.