Heman Hussein Yaseen
14 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
هەولێر - AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و کۆنسولی گشتیی کۆریای باشوور لە ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا وێستگەی کارەبای ھەڵمیی خەبات-ی کردەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ئەمڕۆ بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی ھەڵمیی خەبات ئامادەبوون کە لەلایەن وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای ھۆسکۆی کۆریای باشوور جێبەجێ کراوە کە توانای بەرھەمھێنانی ٣٠٠ مێگاوات کارەبای ھەیە و لەسەدا ١٠ی رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە دووەم پرۆژەی خزمەتگوزارییە لەم ھەفتەیەدا وەگەڕی دەخەن، راشیگەیاند کە ئەوەیش دەرخەری ئەوەیە سەرەڕای ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە، حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان.
مەسرور بارزانی گوتی: "لە سەرەتاوە گرنگی زۆرمان بە بەرھەمھێنانی کارەبا داوە و ئەم پڕۆژەیەیش لە کابینەی پێشتر دەستی پێ کراوە و لەم کابینەیەش بۆ درێژەپێدانی ئەم پڕۆژەیە بڕیامان دا بە تەواوکردنی و ئەمڕۆش بەرھەمەکەی دەبینین".
مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: "دروستکردنی ھێلی کارەبا گرنگە، هەر بۆیەیش داوامان لە وەزارەتی کارەبا کردووە، پێداچوونەوە بە بەرھەمھێنان، گەیاندن و بەکارھێنانی کارەبادا بکات و زۆر لە ئەرکەکەیش دەکەوێتە سەر ئێمەی ھاووڵاتیی، چونکە پابەندی ھاووڵاتییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان ھەبێت دڵنیام دەتوانین باری کارەبا بەرەو باشتر ببەین و داواشمان لە وەزارەتی کارەبا کردووە لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە بۆ بە ھەمیشە پێدانی کارەبا بە ھاووڵاتییان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە کوردستان ھەم بەھۆی ژمارەی بەکارھێنەرانی کارەبا و ھەم بەھۆی زیادبوونی کارگەکان و کۆمپانیاکان، پێداویستی بۆ کارەبا زیاتر بووە، پێشتر پشت بە بەکارھێنانی گازوایل بەستراوە، بەڵام ئێستا پشت بە گاز دەبەستین، بۆیە ھەوڵمانداوە بەرھەمی گاز بەشێوەیەکی زیاتر بەکاربھێنرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانەی ھەرێمی کوردستان تووشی بووە، داواشتان لێ دەکەم بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیددی وەربگرن و حکوومەتی ھەرێم بڕیاری پێویستی داوە کە ئەوەی لەسەر حکوومەت بێت دەیکات، بەڵام زۆری دەکەوێتە سەر ئێوە کە سەلامەتی خۆتان بپارێزن".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئەم رێکارانەی حکوومەت ھیچ مەبەستێکی نییە جگە لە پاراستنی گیانی ئێوە، بۆیە ئەگەر تەندروستیت نەما ئەوکاتە وەزعی ئابووریش باش بێت سوودی نییە، خۆنەپاراستن بە ھیچ شێوەیەک قەیرانی ئابووری چارەسەر ناکات، ئێمە لە کاتێکدا دەتوانین وڵاتمان بەرەوپێش ببەین کە ھەموومان ئەرکەکانمان جێبەجێ ببەین و تەندروستییەکی باشـتان هەبێت".
پڕۆژەی ٣٠٠ کارەبای مێگاواتیی ھەڵمیی خەبات دەتوانێت کارەبای ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی سەدا ١٠ زیاد بکات و پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ھۆسکۆی کۆریای باشوور دروستکراوە و زیاتر لە ٥٦٤ ملیۆن دۆلاری تێچووە.