دۆحه-AA
لەمیانی یارییه‌كانی قۆناغی چاره‌كی كۆتایی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ له قه‌ته‌ر، هه‌ڵبژارده‌ی مەغریب بە ئەنجامی ١-٠ لە هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگالی بردەوە خۆی گه‌یانده نیوه‌ی كۆتایی.
هه‌ڵبژارده‌ی مەغریب سەرکەوتنێكی دیاری بەدەستهێنا وەک یەکەم نوێنەری ئەفریقا كه لە مێژووی مۆندیالدا گەیشتووه‌ته چوارگۆشه‌ی زێڕین.
مەغریب لە پێنج یاریدا کە لە جامی جیهانیی ٢٠٢٢ ئەنجامیداوه، تەنها یه‌ك گۆڵی لێكراوه و بە گەیشتن بە قۆناغی نیوه‌ی کۆتایی چیرۆکێکی سیحراوی تۆمارکرد، رووبەڕووی براوەی یارییەکەی ئینگلتەرا و فەڕەنسا دەبێتەوە.
هاوشێوه‌ی یاری هه‌ڵبژارده‌كه‌ی لە قۆناغی ١٦دا كه بە ئەنجامی ٦-١ لە سویسرای بردەوە، ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ له یاری مه‌غریبیشدا له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیدا نه‌بوو.
هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال کە لە خولەکەکانی ٥ و ٣١ و ٣٩دا له‌رێگه‌ی خوا‌و فیلیکسه‌وه لە تۆماركردنی گۆڵ نزیک بووەوە بەڵام نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت.
بە پشتیوانیی هاندەرانی کە زۆرینەی ئاماده‌بووانی یاریگاکەیان پێکده‌هێنا، مەغریب لە خولەکی ٤٢دا گۆڵی پێشکەوتنی تۆماركرد. ئه‌ویش له‌رێگه‌ی یاریزان یوسف نهسیرییهوه.
یوسف نەسیری دوای گۆڵەکە، سوجدەی برد و به‌وشێوه‌یه ئاهەنگی تۆماركردنی گۆڵەکەی گێڕا. هێرشبەرە تەمەن ٢٥ ساڵانه‌كه کە بۆ جاری سێیەمه له مۆندیالدا گۆڵ تۆمارده‌كات، بووە چوارەم یاریزانی ئەفریقی کە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا تۆڕی گۆڵی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رامبه‌ر بهه‌ژێنێت. پێشتر ئیمانوێل کوندێ و یوگێن ئیكێكێ (له هه‌ڵبژارده‌ی کامیرۆن) و سولی مونتاری (له هه‌ڵبژارده‌ی گانا) لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالدا گۆڵیان كردووه.
گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامی ١-٠ کۆتاییهات.
پورتوگال کە له گێمی دووه‌مدا نەیتوانی بەو شێوەیە دەست پێ‌بکات كه خواستی بوو، راهێنه‌ره‌كه‌ی لە خولەکی ٥١دا رۆناڵدۆی نارده نێو یاریگا.
یاریزانی مەغریبی رۆماین سایس ، لە خولەکی ٥٧دا بە هۆی پێکانەوە یارییەکەی جێهێست.
یاریزانی مەغریبی چێدیرا، له خوله‌كی ٩٠+٣دا كارتی دووه‌می زه‌رد و كارتی سووری وه‌رگرت.
سەرەڕای ئەوەی پورتوگال لە گێمی دووەمدا گۆڵی مەغریبی گەمارۆدا، بەڵام نەیتوانی گۆڵی یه‌كسانبوون تۆماربكات. مەغریب بە ئەنجامی ١-٠ یارییەکەی بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢.
یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب و تیمی تەکنیکی هه‌ڵبژارده‌كه، لە کۆتایی یارییەکەدا دڵخۆشی زۆریان ده‌ربڕی.
یارییه‌كه له یاریگای سومامه ئه‌نجامدرا و ٤٤ هەزار و ١٩٨ هاندەر ئاماده‌یبوون.