Ramal Abdullah Mahmood
18 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2017
مەدرید – AA
لە ئاکامی کەوتنەوەی ئەو ئاگرەی لە رۆژی شەممەوە لە نزیک شاری پەدرۆگاو گراندی پورتوگال بەردەوامە ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.
سکرتێری گشتیی کارگێڕی کرێکارانی پورتوگال جۆرگ کۆمیس راگەیاند بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمیس کە بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون سەردانی ناوچەکەی کردووە بە ئاژانسی هەوآڵی پورتوگالی Lusa راگەیاند ژمارەی قوربانیان لە ٢٥ کەسەوە هەڵکشاوە بۆ ٣٩ کەس.
کۆمیس ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ئاگرە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەڵکردنی باوە لە ماوەیەکی کەمدا زۆر تەشەنەی سەند بووە هۆی کارەسات و زۆر ماڵ لە ناوچەکە ئاگریان تێبەربوو.
میدیاکانی پورتوگال ئاماژەیان بەوە داوە ژمارەیەک هاووڵاتی لە ناو ئۆتۆمبێل دوای ئەوەی لە چواردەوریان ئاگر تاوی سەندووە گیانیان لەدەستداوە.
بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەزار و ٥٠٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کار دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی پورتوگال ئانتۆنیۆ کۆستا، گوتی: "لەم چەند ساڵەدا یەکەمجارە بەمجۆرە رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی ئاوا گەورە ببینەوە. ئەولەویەتمان کوژراندنەوەی ئاگرەکە و یارمەتیدانی زیانبەرکەوتووانە. کۆپتەر و فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە یارمەتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکە".
سەرکۆماری پورتوگال مارسیلۆ دی سوزا بەر لەوەی بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەوێت، رایگەیاند: "کەموکوڕییەکی تەکنیکی و کەمتەرخەمی لەبارەی رووداوەکە نییە".
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ئاگر لە ١٥٦ شوێنی جیاوازی سەرتاسەری ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە.