Ramal Abdullah Mahmood
18 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2017
مەدرید – AA
لە ئاکامی کەوتنەوەی ئەو ئاگرەی لە رۆژی شەممەوە لە نزیک شاری پەدرۆگاو گراندی پورتوگال بەردەوامە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ٥٧ کەس بەرزبۆوە.
سکرتێری گشتیی کارگێڕی کرێکارانی پورتوگال جۆرگ کۆمیس راگەیاند بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە ٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمیس کە بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون سەردانی ناوچەکەی کردووە بە ئاژانسی هەواڵی پورتوگالی Lusa راگەیاند ژمارەی قوربانیان لە ٢٥ کەسەوە هەڵکشاوە بۆ ٣٩ کەس.
٣٠ کەسیان لە ناو ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستداوە ١٧یشیان لە نزیک ناوچەکە گیانیان لەدەستداوە. ١٨ کەسیش لەو ٥٩ کەسەی برینداربوون لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و پێنج برینداریش مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە هەردوو حکوومەتی ئیسپانیا و فەڕەنسا بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە فڕۆکەیان رەوانەی ناوچەکە کردووە.
کۆمیسیاری هاوکاری مرۆیی و بەڕێوەبەری قەیرانەکانی یەکێتیی ئەورووپا کریستۆس ستیلیاندیس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا یەکێتیی ئەورووپا لە ئاستی بەرگری شارستانیدا هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
ستیلیاندیس پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کردووە و ئامادەباشی خۆیانی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پورتوگال. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی ئیسپانیا و فەڕەنسا لە سەر داوای پورتوگال فڕۆکەیان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ماریانۆ رۆجی لە پەیامێکدا کە لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە خەمباری قوڵی خۆی بۆ ئەو رووداوە دەربڕیووە.
بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەزار و ٥٠٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کار دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی پورتوگال ئانتۆنیۆ کۆستا، گوتبووی: "لەم چەند ساڵەدا یەکەمجارە بەمجۆرە رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی ئاوا گەورە ببینەوە. ئەولەویەتمان کوژراندنەوەی ئاگرەکە و یارمەتیدانی زیانبەرکەوتووانە. کۆپتەر و فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە یارمەتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکە".
سەرکۆماری پورتوگال مارسیلۆ دی سوزا بەر لەوەی بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەوێت، رایگەیاندبوو: "کەموکوڕییەکی تەکنیکی و کەمتەرخەمی لەبارەی رووداوەکە نییە".
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ئاگر لە ١٥٦ شوێنی جیاوازی سەرتاسەری ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە.