دۆحە – AA
لە میانی یارییەکانی جامی جیهانیی "FIFA" قەتەر ٢٠٢٢ لە یەکەم یاریی کۆمەڵەی سێیەمدا، سوپرایز رووی دا، کاتێک هەڵبژاردەی سعوودیە بە ئەنجامی ٢-١ لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە میانی یارییەکانی مۆندیالی قەتەردا لە یەکەم یاریی کۆمەڵەی سێیەمدا، هەڵبژاردەی سعوودیە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریگای "لوسیل" رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
پێشبینی دەکرا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و بە ئەنجامێکی گەورە لە هەڵبژاردەی سعوودیە بباتەوە، بەڵام پێشبینییەکان پێچەوانە بوونەوە و هەڵبژاردی سعوودیە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای یارییەکە و لە خولەکی ١٠دا، ناوبژیوان لێدانیکی سزای بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەژمار کرد و لەلایەن یاریزان، لیۆنێل مێسی-ەوە بەسەرکەتوویی ئەنجامدرا و گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامی ١-٠ کۆتایی هات.
دواتر لە گیمی دووەمی یارییەکە و لە خولەکەکانی ٤٩ و ٥٠دا، هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی سعوودیە، ساڵح شیهری و سالم دۆسەری دوو گۆلیان تۆمار کرد.
یارییەکەیش بە ئەنجامی ٢-١ لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی سعوودیە کۆتایی هات.
بە ئەنجامەیش هەڵبژاردەی سعوودیە یەکەم سێ خاڵ بەدەست هێنا و ریزبەندی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرت.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە هەمان کۆمەڵەدا، هەڵبژاردەی مەکسیک و هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە یاریگای "٩٧٤" رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.