Muhammet Ali Kemal
03 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2017
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی قەیرانی قەتەر بە جیا لەگەڵ هەریەک لە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی و شازادی جێنشینی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئالنەهیاندا بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
کۆشکی سپی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداودا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی کەنداو، هێناوەتە سەر زمان.
باس لەوەشکراوە کە ترەمپ جەختی لە گرنگیی بڕینی سەرچاوەکانی دارایی تیرۆر و بێ بەهاکردنی ئایدۆلۆجیای توندڕەویی کردووە و تیایدا راگەیەنراوە ''بە مەبەستی گەیشتن بە هەریەک لە ئامانجەکانی 'زاڵبوون بەسەر تیرۆر' و 'بڵاوکردنەوەی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا' کە لە لووتکەی ریازدا باسکراون، سەرۆک بە گرنگییەوە باسی لە هەستیاریی یەکێتیی وڵاتانی ناوچەکە کردووە''.
لە راگەیەنراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە ئامانجی ئەم قۆناغەی ترەمپ بریتییە لە ''بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر''.
لە سەرەتای قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبیدا، حکوومەتی دۆحە لە لایەن هەریەک لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاشەوە بە پشتیوانییکردنی تیرۆر تۆمەتبارکرا بوو، بەڵام قەتەر هەموو بانگەشەکانی رەتکردبوویەوە. لەبەرامبەریشدا رۆژی پێنجی حوزەیرانی رابردوو هەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن، میسر و یەمەن هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند.
هاوکات ترەمپ قەتەری بە دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر تۆمەتبار کرد بوو بەڵام هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، جەیمس ماتیس رایانگەیاند بوو ''قەتەر هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە''.