دۆحە – AA
لە میانی یارییەکانی مۆندیالی تۆپی پێی قەتەر ٢٠٢٢، لە دووەم یاریی گرووپی A، هەڵبژاردەی هۆڵەندا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی سەنیگالی بردەوە.
لە دووەم یاریی گرووپی A، هەردوو هەڵبژاردەی پاڵێوراوی گرووپەکە هۆڵەندا و سەنیگال لە یاریگای ئەلسەمامە بەیەکگەیشتن.
هەڵبژاردەی سەنیگال، بەبێ سادیۆ مانێی ئەستێرەی هاتە نێو یاریگاوە و هۆڵەنداش بە تەواوی ئەستێرەکانیەوە خۆی بۆ ئەم یارییە بەهێزە ئامادە کردبوو.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکە هەردوو هەڵبژاردە زۆر بە وریایی و بە شێوازێکی بەرگریی یارییان دەکرد و ئەوە بوو بە درێژایی ٤٥ خولەکی نیوەی یەکەم هیچ گۆڵ تۆمار نەکرا.
لە نیوەی دووەمی یارییەکە، هەوڵی هەردوولا بۆ تۆمار کردنی گۆڵی پێشەنگ و بەدەستهێنانی سی خاڵی یارییەکە زیادیکرد، بەڵام بۆردی ئەنجامەکە تاکو خولەکی ٨٠ی یارییەکەش هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهات.
لە خولەکی ٨٥ی یارییەکە، ئەستێرەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەی بەرشلۆنە فرانک دی یۆنگ تۆپێکی لای چەپی یارییەکەوە فڕێدایە ناو بۆکسی خاڵی سزا و هێرشبەر گۆدی گاکپۆ سوودی لە هەڵەی گۆڵپارێزی سەنیگال، مێندی بینی و بە لێدانی سەر تۆپەکەی خستە نێو گۆڵەوە.
یاریزانانی سەنیگال، دوای ئەو گۆڵە هەوڵەکانیان زیاتر کردەوە و لە خولەکی ٨٦دا لە رێگەی پاپا گویا لە یەکسانبوون نزیک بوویەوە بەڵام گۆڵپاریزی هۆڵەندا نۆپێرت تۆپەکەی خستە دەرەوە.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لە خولەکی زیادکراوی یارییەکەدا ٩٠+٩ جارێکی دیکە رێگای گۆڵی سەنیگالی دۆزییەوە و توانی لە رێگەی داڤڤی کلاسین گۆڵی دووەم تۆمار بکات و سی خاڵ بۆ وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.
لە کۆتایی یارییەکانی گرووپی A، ئیکوادۆر بە سێ خاڵ لە لووتکەی گروپەکەیە و هۆڵەندای خاوەن هەمان خاڵ لە پلەی دووەم و سەنیگال و قەتەر بەبێ خاڵ لە پلەکانی سێیەم و چوارەمدان.