دۆحە - AA
هەڵبژاردەی فەڕەنسا پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، سبەی لە یەکەم یاریی خۆیدا لە کۆمەڵەی Dدا، رووبەڕووی ئوسترالیا دەبێتەوە.
ناوبژیوانی کۆماری باشووری ئەفریقا، ڤیکتۆر گۆمێس لە یارییەکەدا کە سبەی کاتژمێر ٢٢:٠٠ بە کاتی هەرێمی کوردستان لە یاریگای جەنوب دەست پێ دەکات، فیکەی دەستپیک لێدەدات.
فەڕەنسا و ئوسترالیا پێشتر چوار جار رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. لە کاتێکدا فەڕەنسا لە سێ لەم یارییانەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئوسترالیا تەنیا لە یەک یاریدا تامی سەرکەوتنی کردووە.
ئوسترالیا لە میانی یاری جامی کیشوەرەکان لە ساڵی ٢٠٠١ توانی بە ئەنجامی ١-٠ لە رکابەرە بەهێزەکەی بباتەوە. فەڕەنسا لەو چوار یارییەدا کە بەرامبەر بە ئوسترالیا ئەنجامیداوە نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و سێ گۆڵیشی لێ تۆمار کراوە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، سبەی کاتژمێر ١٦:٠٠ دانمارک و تونس رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
- فەڕەنسا بێ بەش دەبێت لە تواناکانی بنزیما
هەڵبژاردەی فەڕەنسا بێبەش دەبێت لە تواناکانی کەریم بنزیما. دوای ئەوەی یاریزانی ناوبراو لە دۆحە لە کاتی ئەنجامدانی مەشقەکاندا تووشی پێکان هات لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی دوورخرایەوە. بەمەش فەڕەنسییەکان دڵتەنگ بوون.
جگە لە بنزیما هەریەک لە یاریزانان نگۆلۆ کانتی، پاوڵ پۆگبا، پرێنسێل کیمپێمبی و کریستوفر نکونکو-یش بەهۆی پێکانەوە نەهێنرانە قەتەر.
- "کەڵەشێرەکان" بۆ جاری ١٥مینە بەشداری لە مۆندیالدا دەکەن
بە بردنەوەی دوایین مۆندیال کە لە رووسیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی فەڕەنسا بۆ جاری ١٥مینە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
فەڕەنسا کە لەسەریەک بەشداری لە دواهەمین شەش پاڵەوانێتیی مۆندیالدا کردووە، جارێک پلەی یەکەم و جارێک پلەی دووەمی بەدەست هێناوە، هەروەها دووجاریش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
ئوسترالیاش بۆ جاری شەشەمە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات کە بەشداریکردنی لە دوا پێنج مۆندیالدا لەسەریەک بووە.