Yunus Kaymaz
21 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2022
دۆحە – AA
لە میانی یارییەکانی مۆندیالی تۆپی پێی قەتەر ٢٠٢٢، لە یەکەم یاریی گرووپی B، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە ئەنجامی ٦-٢ لە هەڵبژاردەی ئێرانی بردەوە.
لە کاتێکدا چەند مانگێکە مشتومڕەکان سەبارەت بە شێوازی رێکخستنی هێڵی بەرگریی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢ بەردەوامبوو، راهێنەر گارێس سۆتگایت بە هێلی بەرگریی تریپێر، ستۆنز، ماگوایەر و شاو دەستی بە یارییەکە کرد و سووربونی خۆی لەسەر یاریپێکردنی ماگوایەر و شاو دووپاتکردەوە.
هەروەکو چاوەروان دەکرا، ئێران لە بەرامبەر رکابەرە بەهێزەکەی پاشەکشەی کرد و هەوڵیدا لە رێگەی دژە هێرشەوە گۆڵ تۆمار بکات بەڵام بە درێژایی نیوەی یەکەمی یارییەکە هیچ کاریگەرییەکی لە نێو یاریگای رکابەرەکەی نەبوو.
لە خولەکی ١٩ی یارییەکە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئێران رەزا بیرانواند دوای خۆکێشانی بە بەرگریکار سەید حسێن حسێنی ناچاربوو یارییەکە جێبهێڵێت.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە دەستپێکی یارییەکەوە هێرشەکانی چڕ کردەوە و توانی لە نیوەی یەکەمدا سێ گۆڵ لە رێگەی جودی بیلینگهام لە خولەکی ٣٥، بوکایۆ ساکا لە خولەکی ٤٣ و رەحیم ستەرلینگ لە خولەکی ٤٥+١ تۆمار بکات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکە، ئینگلتەرا بە هەمان جۆش و ئارەزووی گۆڵکردن دەستی بە یارییەکە کرد و ئەوە بوو لە خولەکی ٦٢ بوکایۆ ساکا گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی بۆ وڵاتەکەی تۆمار کرد.
هەڵبژاردەی ئێران، ریزەکانی خۆی کۆکردەوە و چەند دەرفەتێکی بەدەستهێنا و مەترسی بۆسەر گۆڵی ئینگلتەرا درووست کرد و لە ئەنجامدا لە خولەکی ٦٥ گۆڵی یەکەمی لە رێگەی مەهدی تارامی تۆمار کرد.
دوای ئەو گۆڵەی ئێران، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دوو گۆڵی دیکەیان لە خولەکەکانی ٧١ و ٩٠ لە رێگەی مارکۆس راشفۆرد و جاک گریلیش تۆمار کرد و کۆی گۆڵەکانینان گەیاندە شەش گۆڵ.
لە خولەکی ٩٠+١٣ ناوبژیوانی یارییەکە لێدانێکی سزای بۆ هەڵبژاردەی ئێران هەژمار کرد و یاریزان مەهدی تارامی گۆڵی دووەمی خۆی و وڵاتەکەی تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی ٦-٢ لە بەرژەوەندی ئینگلتەرا کۆتایی هات.