Rewa Mahmut Hasan
09 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2017
ریاز - AA
میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کرد کە لەپێناو چارەسەری قەیرانی کەنداودا دیالۆگ دەست پێبکەن.
ئاژانسی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردووەتەوە کە میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی پەیوەندی بە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کردووە و داوای لێکردووە دەست بە گفتوگۆ بکەن بەشێوەیەک چارەسەری قەیرانی قەتەر و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو بکات کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت.
شازادەی جێنشینی سعوودیە بە خۆشحاڵیەوە پێشنیارەکەی قبوڵ کردووە و دووپاتیکردووەتەوە کە ریاز دوای ئەوەی لە گەڵ وڵاتانی میسر، ئیمارات و بەحرێن گفتوگۆ دەکات وردەکارییەکان ئاشکرا دەکەن.
ئاژانسی فەرمی قەتەریش بڵاوی کردووەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رێکخەری ئەو چاوپێککەوتنەیە.