ھەولێر – AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، دووەم یاری قۆناغی پێش کۆتایی جامی جیھانیی ٢٠٢٢ قەتەر ئەنجام دەدرێت کە لە میانیدا ھەڵبژاردەی فەڕەنسا و ھەڵبژاردەی مەغریب رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
ئەمڕۆ کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەکاتی ھەولێر لە دووەم یاری قۆناغی پێش کۆتایی جامی جیھانیی، ھەڵبژاردەی فەڕەنسا و ھەڵبژاردەی مەغریب لە یاریگای "ئەلبەیت" رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
لە یارییەکەی ئەمشەودا، ھەڵبژاردەی فەڕەنسا و ھەڵبژاردەی مەغریب شەڕی گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، بەتایبەتیش ھەڵبژاردەی فەڕەنسا کە دەیەوەێ بەرگریی بکات لە نازناوەکەی کە لە جامی جیھانیی ٢٠١٨ بەدەستی هێنا.
لە لایەکی دیکەوە ھەڵبژاردەی مەغریب بووە سوپرایزی مۆندیالی ٢٠٢٢ قەتەر، بەو پێیەی گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی و ھەوڵی گەیشتن بۆ قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەدات.