Abdullah Shukur
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم رایگەیاند کە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان ئاسایشی تورکیا و عێراقدا نییە. گوتیشی: " ھەر کام لەم وڵاتانە ئاسایشی تێدا بەرقەرار نەبێت ئەوا ئەوەی دیکەش ئاسایشی تیدا بەرقەرار نابێت. لەم چوارچێوەیەشدا لەبارەی بەرەنگاربوونەوە لە دژی رێکخراوەکانی تیرۆریستی پەکەکە، فەتۆ و داعش رێککەوتین".
یڵدرم لە دوای سەردانەکەی بۆ عێراق، گەڕایەوە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لە فڕۆکەخانەی ئەسانبۆغا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
یڵدرم سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو قوربانیانە کرد کە بەھۆی تەقینەوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بەغدا کوژراون و بەم ھۆیەش بە تەلەفۆن سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی گەیاندووە.
یڵدرم راشیگەیاند کە یەکەمین سەردانی خۆی لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ عێراق ئەنجامداوە و ئەمەش بە مانای گرنگیدانی تورکیا بەو وڵاتە دێت.
یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە لە سەردانەکەیدا تاوتوێی بەرژەوەندی ھاوبەش و چارەسەکردنی کێشەکان کراوە. گوتیشی: "لەم چەند مانگەی دواییدا لەبارەی کەمپی باشیک کاریگەری نەرێنی کەوتبووە سەر پەیوەندییمان لەگەڵ عێراق. کۆبوونەوەی بە سوود لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و بردەودان بە ھەماھەنگی لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری ئەنجامدراوە".
بینالی یڵدرم لەبارەی جێگیربوونی پەکەکە لە شنگال گوتی: "جێگیربوونی پەکەکە لە ناوچەی شنگال بابەتی ئەمنی نەتەوەیی تورکیایە. ئەم بابەتەشمان بە وردی تاوتوێ کردووە. یان پێشمەرگە و سوپای عێراق پەکەکە لەم شوێنە دەردەکەن، یانیش تورکیا ئەوەی پێویست بێت دەیکات. لەمبارەیەوە بۆچوونمان ئاشکرا و روونە. ئەمەشمان لە سەردانەکەدا باسکردووە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم ئاشکراشی کرد کە دوای کۆبوونەوەکان بەیاننامەی ھاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و رێککەوتنێکیشان لە بواری خوێندنی باڵا واژوو کردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "ناتوانرێت ئاسایشی تورکیا بە شێوەیەکی جیا لە ئاسایشی عێراق بیربکرێتەوە. ھەر کام لەم وڵاتانە ئاسایشی تێدا بەرقەرار نەبێت ئەوا ئەوەی دیکەش ئاسایشی تیدا بەرقەرار نابێت. لەم چوارچێوەیەشدا لەبارەی بەرەنگاربوونەوە لە دژی رێکخراوەکانی تیرۆریستی پەکەکە، فەتۆ و داعش رێککەوتین".
یڵدرم زیاتر گوتیشی: "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق ھەروەکو چۆن ھەستیاری ئەوانە بە ھەمان شێوە ھەستیاری ئێمەشە. بە ئاشکرای بە ئەوانمان گوتووە کە ھەبوونی سەربازانی تورکیا لە کەمپی باشیک تەنھا بە مەبەستی ھاوکاری ھێزەکانی عێراق لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دایە".