Mazın Asad
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2017
پرۆژە یاسای گۆڕانکارییەکانی دەستووری تورکیا کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا و بە مەبەستی پەسند کردن رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا.
یاساکە لە ١٨ ماددە پێکدێت و دوای ئەوەی لە لایەن سەرۆکایەتی لێژنەی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان خوێندرایەوە، لە لایەن بریکاری سەرۆکی پەرلەمان ئەحمەد ئایدن واژوو کرا.
-سەرکۆماری ماوەی ١٥ رۆژ مۆڵەتی ھەیە بۆ پەسەندکردنی یاساکە
سەرکۆمار ماوەی ١٥ رۆژی مۆڵەتی ھەیە بۆ پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوەی یاساکە.
ئەگەر یاساکە لە لایەن سەرکۆمارەوە پەسەند بکرێت، ئەو پێشکەش بە گشتپرسی دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.
دوای تێپەڕبوونی ٦٠ رۆژ بەسەر بڵاوکرانەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمی، گشتپرسی لە یەکەم یەکشەممەدا ئەنجام دەدرێت. پێشبینی دەکرێت گشتپرسییەکە لە نێوان ٩ی نیسان یاخود ١٦ی نیسان ئەنجام بدرێت.
بەشێک لە ماددەکان بەم شێوەیەیە:
- ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەبێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار.
- تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمان لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەکرێت بە ١٨ ساڵ.
-هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرکۆمار پێنج ساڵ جارێک و لەهەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێت. سەرکۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەکەی ناپچڕێنێت.
- ماوەی ویلایەتی سەرکۆمار پێنج ساڵ دەبێت. یەک کەس دەتوانێت تەنها دوو خول خۆی بۆ سەرکۆمار هەڵبژێرێت.
- ئەو پارتانەی کە دەیانەوێت پاڵێوراوی سەرکۆماریان هەبێت، پێویستە لانی کەم لە سەدا پێنجی کۆی دەنگەکانی وڵاتیان بەدەست هێنابێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێدا بن.
- ئەو پاڵێوراوەی لە هەڵبژاردن لەسەرووی پەنجای دەنگەکان بهێنێت بە سەرکۆمار هەڵدەبژێردرێت.
- لە دۆخی دەرکردنی بڕیارنامەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر هەمان بابەتەکان، بڕیارنامەی سەرکۆماری ناچێتە بواری جیبەجێکردنەوە.
- پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرکۆمار، جێگرانی سەرکۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە.
- ئەو سەرکۆمارەی بڕیار دەدرێت لەبارەیەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بکرێتەوە، ناتوانێت بڕیاری هەڵبژاردن بدات.
- پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران بڕیاری سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بدات.
- هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا و سەرکۆمار بەیەکەوە لە 3ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت.