Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2017
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییە ھاوبەشەکەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ گوتی: "بەکارھێنانی دەستەواژەی 'تیرۆری ئیسلامی' ئێمەی موسڵمان بەڕاستی نیگەران دەکات. بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیە ھەڵەیە. چونکە ئیسلام و تیرۆر یەکناگرنەوە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری پێشوازی لە راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ کرد.
دوابەدوای کۆبوونەوەش لە روونکردنەوەیەکی هاوبەشدا ئەردۆغان گوتی: "دەمەوێت بە تایبەتی بەخێرهاتنی بەرێز شانسۆیلیە بکەم بۆ پایتەختی تورکیا".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کەوا بە سەرۆکایەتی خۆی و مێرکل شاندی هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیەک ئەنجام دەدەن و کۆبوونەوەکەش لەبارەی سەربازیی، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکە دەبێت.
ئەرۆغان تیشکی خستە سەرئەوەی لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەیوەندییە سیاسییەکانییان دەکەن لەچوارچێوەی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ و گوتیشی: "قەبارەی ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ئێستادا ٣٥ ملیار دۆلارە و هەوڵدەدەین ئەو بڕە زیاتر بکەین، سەبارەت بە چۆنییەتی زیاترکردنی ئەو قەبارەیەش دەرفەتی کۆبوونەوەمان بۆ رەخساوە، هەروەها هەلی ئەوەمان بۆ رەخسا باس لە پێشهاتەکانی ئیجە بکەین".
ناوبراو جەختی لە گرنگی راوێژکردنی هەردوو وڵات کردەوە لەبارەی پێشهاتەکانی عێراق و سووریا گوتی: "بەیەکەوە باسمان لەو هەنگاوانە کرد کە لەمەودوا دەبێت لە سووریا بنرێت، هەلمان بۆ رەخسا باس لە کێشەکانی پەنابەران بکەین، هەروەها باسمان لەوە کرد کە بەیەکەوە چۆن بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە. هەرچەندە هەڵوێستی تورکیا روونە لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڵام ئەوە بابەتێک نییە کە بە تاکە وڵاتێک چارەسەر بکرێت، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاری بۆ بکرێت".
ئەردۆغان درێژەی بە گوتەکانی دا و گوتی: "ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتێک کە نزیکەی ٣ ملیۆن گەلی تورکی هەیە زۆر گرنگە بۆ ئێمە بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەردوو وڵات ئەندامی ناتۆن".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کەوا مێرکڵ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بینالی یڵدرمیش کۆ دەبێتەوە و گوتی: "لەو باوەڕەدام ئەو سەردانە گرنگی بۆ کەرتی گەشتیاریش دەبێت".
دواتر ئەردۆغان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی لەبارەی نیگەرانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە گۆڕانکاری دەستوور بەوەی کە زیان بە دەسەڵاتەکانی داد، جێبەجێکردن و یاسادانان دەدات، ئەردۆغان گوتی: "ئەو تێزەی لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لەوبارەیەوە بڵاو کراوەتەوە تەنانەت راستییەکی بچووکیشی تێدا نییە کە دەقی گۆڕانکارییەکە لەبارەی سیستمی سەرۆکایەتی یاخود سیستمی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ سبەی لە پەرلەمانەوە بەدەستمان دەگات".
سەرکۆماری تورکیا روونیشی کردەوە کە لە سیستمی نوێدا دەسەڵاتی داد و جێبەجێکردن و یاسادانان بە ھەمان شێوەیە بوونی دەبێت و گوتیشی: "واتا نەھێشتی دابەشبوونی ھێزەکان جێگەی باس نییە. لێرەدا بابەتەکە لەمە پێکدێت. دەسەڵاتی جێبەجێکردن لێرەدا دەرفەتی خێرا کارکردنی بۆ دەڕەخسێت. ھاوکات دەرفەتی خێرا بڕیاردانی دەسەڵاتی دادیش دەکرێتەوە. بێگومان دەسەڵاتی دادیش بە ھەمان شێوە دەسەڵاتی دەپارێزرێت و درێژە بە کارەکانی دەدات. ھەنگاوەکانی ئۆپۆزسیۆن لەوبارەیەوە بێجگە لە دوورخستنەوەی ئامانجی ئەو کارە ھیچ شتێکی دیکە نییە. پەرلەمانی کۆماری تورکیا لەبارەی گشتپرسییەوە بڕیاری خۆی داوە. ئێستا گەل بڕیاری کۆتایی دەدات".
ئەردۆغان گوتیشی: "بە تایبەتی پێویستە جەخت لەسەر ئەو بابەتێک بکەمەوە، چونکە رەنگە گەلەکەشمان لەوبارەیەوە بە ھەڵە تێبگەن. بەکارھێنانی دەستەواژەی 'تیرۆری ئیسلامی 'م بە بەڕێز راوێژکاریش (مێرکڵ) راگەیاند. بەکارھێنانی دەستەواژەی 'تیرۆری ئیسلامی' ئێمەی موسڵمان بەڕاستی نیگەران دەکات. بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیە ھەڵەیە. چونکە ئیسلام و تیرۆر یەکناگرنەوە".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەدا قسەکانیدا گوتیشی: "واتای وشەی ئیسلام ئاشتییە. لەبەر ئەمە ئەگەر ئێمە بێین واتای ئەو وشەیە لەگەڵ تیرۆر دابنێین ئەو کاتە پەیڕەوکارانی ئەم ئایینە نیگەران دەکات. ئەگەر بەھۆی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە 'تیرۆری ئیسلامی' بەکاربھێنین ئەوە مایەی نیگەرانیە. تکایە با ئەوە بەکارنەھێنین. چونکە کاتێک بەکارھات ئێمە دژی دەوەستینەوە، ئەگەر بێ دەنگبین بەرامبەری، ئەوا قبووڵمان کردووە. من وەک سەرکۆمارێکی موسوڵمان، ھەرگیز ئەوە قبووڵ ناکەم. تا ئێستا لە جیھاندا دووەمین وڵات نییە وەک ئێمە بەرەنگاری داعش ببێتەوە. ھەموو بەس دەمیان ھەیە، بەڵام ئێمە بەپێداگرییەوە بەردەوامی لە بەرەنگاربوونەوە و، بەردەوام دەبین".
ئەردۆغان لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی رایگەیاند: ''پەکەکە چی بێت، پەیەدە چی بێت، یەپەگە چی بێت، رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی ھەمان شتە. ئەوەی کە لە وڵاتەکەی مندا کودەتای کردووە و دواتر ئەگەر بۆ ئەڵمانیا ھەڵاتبێت، لەوێ داڵدە درابێت، پێویستە لەبەرامبەر ئەمانەدا حکوومەتی ئەڵمانیا، لەرێگەی پەیوەندییکردنی وەزارەتەکانی دادەوە بەڵگە و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام ئێمە ٨٥ کیلۆ بەڵگە و زانیارییمان بۆ ئەمریکا نارد، ھێشتا چاوەڕێی ئەو بڕیارەین کە دادگا دەریدەکات. ئێمە ھاوکات لە ناتۆدا پێکەوەین، دوو دۆست و دوو وڵاتی ھاوپەیمانین. باوەڕم وایە لەرێگەی دانی بڕیاری خێراوە لەم بابەتانەدا، ئێمە دەتوانین ئەو قسەیەی کە دەڵێت 'دادپەروەری درەنگ دادپەروەریی نییە' ھەڵگێڕینەوە و ساتێک زووتر بگەینە دەرەنجام، ئەوەش پێم وایە دەبێتە کارێکی باش''.