Abdullah Shukur
31 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2017
ئیدلیب
لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی لە سووریا بە گەرەنتیدەری ھەردوو وڵاتی رووسیا و تورکیا، سوپای بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی لایەنگری رژێم، لە ٣٣ خاڵ ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی بەرەی شەڕ وەریگرتووە، لەوەتەی دەستپێکی ئاگربەستی لەو وڵاتە، پێشێڵکاری سوپای رژێمی سووریا و گرووپە تیرۆریستییەکانی لایەنگری رژێم بەردەوامە.
سوپای رژێم لە ٣٣ خاڵ ھێرش بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات و لە بەرامبەر ئەمەش ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی سەریان، لە ھەندێک شوێن وەڵامی پێویست دەدەنەوە.
ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دان و لە لایەن سوپای رژێمەوە پێشێڵکاری ئاگربەستی تێدا ئەنجام دەدرێت بەم شێوەیەیە:
-شارۆچکەی خەلفایە، شارەدێیەکانی عەقرەب، لاتمنا و زیارەت و گوندەکانی عەتشان و سوکەیک سەر بە پارێزگای حەما .
-شارۆچکەکانی خەدر و کەفر ھەروەھا گوندەکانی بووەیدا و بوردای سەر بە پارێزگای حەلەب.
-شارۆچکەی جەسرولشوگور و گوندی کەفر عووەیدی سەر بە پارێزگای ئیدلیب.
-شارۆچکەکانی تەلبیسە و رستان، شارەدێی ئوم شەرشور و گەڕەکی واعیری سەر بە پارێزگای حومس.
-شارۆچکەکانی دێرا بەڵات و تەفاس، شارەدێیەکانی یەدودیە و کاریا و ناوچەی پێشووی گومرکی سەر بە پارێزگای دەرعا.
-گەڕەکەکانی زەمالکا، جۆبار، عەربین، دوما، حوش ئەلوداریا و جیسرینی ناوچەی غوتای رۆژھەڵاتی سەر بە پارێزگای دیمەشق.
-گوندەکانی دەیر قانون، حوسێنییە، بەسیمە و عەینولفیجە لە دۆڵی بارادەی سەر بە پارێزگای دیمەشق.
-شارەدێی جەباسی ئەلحەشەبی سەر بە پارێزگای کونەیترا.
-تورکیا داوا دەکات رووسیا لەمبارەیەوە بێتە سەر خەت
دوینێ لە دوای دەستپێکی پێشێڵکارییەکانی ئاگربەستی لە لایەن رژێمی سووریاوە، بەرپرسانی دەرەوە و ئاسایشی تورکیا گفتوگۆیان لەگەڵ ھاوتا رووسیەکانیان کردووە.
بەم پێیەش بەرپرسانی تورکیا پێشێڵکارییەکانیان بە رووسیا راگەیاندووە و داوایان کردووە کە بێنە سەر خەت وەک گەرەنتیدەری ئاگربەستی لایەنی رژێمی ئەسەد.
دوینێ رێککەوتنی ئاگربەستی لە سووریا بە گەرەنتیدەری ھەردوو وڵاتی رووسیا و تورکیا خرابووە بواری جێبەجێ کردنەوە. لە ئەگەری سەرکەوتنی ئاگربەستەکە، بڕیارە ھەردوو لایەنی رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە ژێر چاودێری تورکیا و رووسیا لە شاری ئەستانای پایتەختی کازاغستان بەمەبەستی دانوستانی سیاسی کۆببنەوە.