Mazın Asad
04 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2017
ئیستانبوڵ - AA
کۆمیتەکانی ھەماھەنگسازی ناوخۆی سووریا رایگەیاند کاروانێکی سەربازیی ئەمریکی کە لە ٤٨ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ٢٥٠ سەرباز پێکدێت، گەیشتووەتە ناوچەی مالیکیەی ژێرکۆنترۆڵی پەیەدە/پەکەکە.
بەپێی روونکردنەوەیەک کە لە ھەژماری تایبەتی کۆمیتەکانی ھەماھەنگسازی ناوخۆی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کراوەتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە کاروانێکی سەربازیی ئەمریکا لە دەروازەی سنووری سیمێلکای سنووری سووریا-عێراق تێپەڕیووە و گەیشتووەتە ناوچەی مالیکیەی رۆژھەڵاتی حەسەکە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاشکرا کراوە کە کاروانەکە لە ٤٨ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ٢٥٠ سەرباز پێکدێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی ناوخۆی سووریا دەستی کەوتووە، لە دوای ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە ناوچەی کاراچۆغی سووریا، ئەمریکا ٢٢ بارھەڵگر لە چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیی بۆ پەیەدە/پەکەکە ناردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەمریکا دوای ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەیەدە/پەکەکە لە سووریا، ھاوکارییە سەربازییەکانی زیاد کردووە. لە دوای ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە ناوچەی قاراچۆغ و شنگال، پەیەدە/پەکەکە بە موشەکی TOWی ئەمریکی ھێرشی بۆ سەر بنکەکانی سەربازیی ھێزەکانی سوپای تورکیا لە ھێڵی سنوور ئەنجام داوە.
لە مانگەکانی پێشووش ئەمریکا بە ناردنی ھاوەن، بۆمبھاوێژی MK19 و چەکی جۆری M4 Cabrine و M16 ئۆتۆمبێلی سەربازیی جۆری Humwee و زرێپۆشی سەربازیی جۆری Cougar پشتگیری لە پەیەدە/پەکەکە کردبوو.
تورکیا سەرەڕای ئەوەی چەند جار داوای فڕۆشتنی مووشەکی دژە تانکی جۆری FGM-148 Javelin لە ئەمریکا کردووە، کەچی ئەمریکا ئەو جۆرە مووشەکانە بۆ پەیەدە/پەکەکە دابین دەکات.