Sıtkı Yıldız,Hüseyin Yıldız,Rewa Mahmood Hasan
29 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2019
ئاگری - AA
کۆشکی ئیسحاق پاشا کە یەکێکە لە ئاسەوارە گرنگەکانی عوسمانییەکان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو و دووهەم گەورەترین کۆشکە لە دوای تۆپقاپی لە شارۆچکەی دۆغوبایەزید لە ئاگری، کە وەک دەروازەی شارستانییەتەکان تەماشای دەکرێت.
دوای چەندین کار لەلایەن وەزارەتی کولتوور و گەشتیاری تورکیاوە، کۆشکەکە بۆتە شوێنی راکێشانی گەشتیاران.
١٩ ساڵ لەمەوبەر کۆشکەکە لەلایەن یونسکۆ-وە خرایە لیستی پاشاوە دێرینەکانی جیهان بەشێوەیەکی کاتیی، ئێستا لە ئاسیا و ئەورووپاوە چەندین گەشتیار سەردانی دەکەن.
کۆشکەکە بەدووری ٧ کم دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەکە و لەسەر گردێک کە هەزار و ٩٠٠ مەتر لەئاستی رووی دەریاوە بەزرە دروست کراوە و لە ١١٦ ژوور پێکهاتووە، سیستەمی ساردکردنەوە، سیستەمی کۆنی سەرئاوەکەی، دیمەنی هێلانەی داڵ، سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت.
راگری کۆڵێژی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی ئیدیر پرۆفیسۆر دکتۆر یوسف چەتین لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات، کۆشکەکە تاکە کۆشکی عوسمانییەکانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو بۆیە گرنگی زۆری هەیە و دەڵێت: "لە ساڵی ١٧٨٤ دا لەلایەن کوڕەکانی چڵدرەوە بۆ ئیسحاق پاشای دووهەم دروست کراوە. کۆشکەکە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە و ئەندازەی سەلجوقییەکانی پێوە دیار. کاتێک سەیری ئامڕازەکانی رازاندنەوەی کۆشکەکە دەکەیت، کاریگەری دەوڵەتی گەورەی سەلجوقییەکانی تێدا رەنگ دەداتەوە".
لەبەشێکی تری قسەکانیدا چەتین ئاماژە بەوە دەکات لەنێو کۆشکەکەدا سیستەمێک بەکارهاتووە کە ئەو کات لەلایەن ئەورووپیەکانیش بەکار نەهاتووەو دەڵێت، "ئەوەی کە لەمرۆماندا پیی دەڵێن سیستەمی شۆڤاژ، ئەوکات ئاوی گەرم لەریی بۆریەوە کە لەقوڕ دروستکراوە بەناو دیوارەکاندا رۆیشتوون. بەشی ئاودەست کە ئەو سەردەمە بە دیزاینێکی گەورەوە دروست کراوە و لە کۆشکەکانی ئەوکاتی ئەورووپاشدا نەبینراوە، یەکێکی ترە لە کارە سەرنجراکێشەکانی نێو بیناکە".