Ekrem Payan,Ömer Yasin Ergin
05 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2022
شرنەخ - AA
کوێستانی فاراشین لە قەزای بەیتوشەباب سەربە پارێزگای شرنەخ، بە کۆچەر و رانە مەڕەکان رازێندراوەتەوە.
کوێستانەکە کە دەکەوێتە سێ گۆشەی شرنەخ، هەکاری و وان و دوو هەزار و ٦٢٥ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بەهۆی بوونی لەوەڕگای فراوان، ئاووهەوای فێنک و سەرچاوەی زۆری ئاو بووەتە شوێنێکی هەمیشەیی و لەبیرنەکراوی ئاژەڵداران.

بەهۆی زۆری رێژەی باران بارین تیایاندا گیایی لەوەڕگاکانی کوێستانەکە زووتر سەوز بوون، بەو هۆیەشەوە ئاژەڵداران بەچڕی رووی تێدەکەن.
ئاوێتەبوونی دەنگی مەڕوماڵاتی کۆچەرییەکان کە لە پارێزگا گەرمەکانەوە روویان لە کوێستانەکە کردووە لەگەڵ چریوەی باڵندەکان کەشێکی ناوازەی دروست کردووە.
کۆچەرییەکان کە لەژێر چادردا ژیان بەسەر دەبەن و بە ئاژەڵداری و دروستکردنی چەندین بەرهەم لە شیری ئاژەڵەکانیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن لە کوێستانی فاراشین جەژنی قوربان بەرێدەکەن.

موزلوم ئاسڵان کە یەکێکە لە ئاژەڵدارانی ناوچەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە لەوەڕگا فێنک و بە پیتەکاندا روویان لە کوێستانی فاراشین کردووە.
ئارسڵان باسی لەوە کرد کە کوێستانەکە ئاژەڵدارانی پارێزگاکانی دیکەشی لە خۆگرتووە و گوتی: ''وەک خاوەنی ئاژەڵەکان دەبینین کە گژوگیای ئێرە جۆرێتی ژیری ئاژەڵەکانی زیاد کردووە، ئەو شیر و پەنیرەی لێرە دەستمان دەکەوێت باشترن و جۆرێتیەکەیان باشترە. لەبەرئەوە ئاژەڵەکانمان دەهێنین بۆ ئێرە''.

ئارسڵان باسی لەوەیش کرد کە لە دوای مانەوەیان بۆ ٤-٥ مانگ، لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و گوتی: ''ماوەی ٣-٤ ساڵە ئارامی هەیە. هەمووان ئاسوودەن و دەتوانن بچن بۆ هەرشوێنێک ئارەزووی دەکەن. ئەمەش بۆ ئاژەڵداری سوودی هەیە. لە رابردوودا بەهۆکاری ئەمنیی گەڕان سنوورداربوو و نەماندەتوانی بچین بۆ ئەو کوێستانانەی دەمانویست''.