Ramal Abdullah Mahmood
28 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2017
شرنەخ – AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو چیای کاتۆی لە قەزای بەیتوشەباب سەربە پارێزگای شرنەخ کە ماوەی ٤٠ رۆژە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆن لە دژی تیرۆریستانی پەکەکە لەم ناوچەیە ئەنجام دەدەن، بەسەرکردەوە.
سولەیمان سۆیڵو بە یاوەری فەرماندەی گشتیی جەندرمە، یاشار گولەر بە فڕۆکەی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی شەرەفەددین ئێلچی لە شرنەخ و لە لایەن پارێزگاری شرنەخ، عەلی ئیحسان سوو و فەرماندەی لیوای ٢٣ەمینی سنوور، جەنەراڵ ئایدۆغان ئایدنەوە پێشوازییان لێکرا.
دواتر وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو بە هەلیکۆپتەر سەردانی چیای کاتۆی کرد کە دوو هەزار و ٩٠٠ مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە و، وێڕای نالەباری رەوشی کەشوهەوا ماوەی ٤٠ رۆژە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنی لە دژی چەکدارانی پەکەکە لەم ناوچەیە ئەنجام دەدەن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیییەکان کرد بەوەی ٥٣ ئەشکەوتی پەکەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەکی زۆر پارچە چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنیدا. لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانیشەوە زانیاری وەرگرت لە جەنەراڵ ئایدن و لە فەرماندەی جەندرمەی هەشت لە بەیتوشەباب، موراد بوڵوت.
دواتر وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکان زانیاری دا بە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆمار ئەردۆغان لەگەڵ جەنەراڵ ئایدین قسەی کرد.