Muhammet Ali Kemal
12 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2016
شرنەخ
هاووڵاتییانی شرنەخ بەهۆی پێكدادانەكان، چاڵەكان و بەربەستەكانەوە و بۆمبە چێنراوەكانەوە، لەبەر سەلامەتیی گیانیان ماڵ و حاڵیان جێدەهێڵن.
چەكدارانی پەكەكە لە هەریەك لە گەڕەكەكانی دیجلە، جمهوریەت، عیسمەت پاشا، یەشیلیورت، باهچەلیئەڤلەر و یەنی شاری شرنەخ، چاڵیان هەڵكەندووە، بەربەستیان هەڵچنیووە، بۆمبیان لە شەقام و كۆڵانەكاندا چاندووە و ئەمەش بووەتە مایەی دڵەڕاوكێ بۆ هاووڵاتییان.
هاوكات ژمارەیەك لە خێزانەكان هەندێك كەلوپەلیان لە ئۆتۆمبیلەكانیان باركردووە بۆ ئەوەی بڕۆن و شارەكە جێبهێڵن. هەندێكی دیكەشیان گوێیان بە كەلوپەلەكانیان نەداوە و لە رێگەی پاس و ئامێرەكانی گواستنەوەی بەكۆمەڵەوە. بەرەو شارەكانی دەورووبەر بەرێ كەوتوون.
ئەوە زانراوە كە لەكۆی ٦٣ هەزار دانیشتوانی شارەكە لەسەدا ٧٠یان شرنەخیان چۆڵكردووە و زۆرینەشیان دانیشتووی گەڕەكەكانی دیجلە، جمهوریەت، عیسمەت پاشا، یەشیلیورت، باهچەلیئەڤلەر و یەنین.
بەرپرسانیش رایانگەیاند ئەوان هەموو جۆرە ئاسانكارییەكیان بۆ ئەو كەسانە كردووە كە دەیانەوێت شارەكە چۆڵ بكەن.
لەكاتێكدا كە ناردنی كاروانە سەربازییەكان بەرەو شرنەخ درێژەیان هەیە، هێزە ئەمنییەكان ئاستی ئەو رێوشوێنانەیان بەرزكردووەتەوە كە دەیگرنە بەر.
یەكێك لەو كەسانەی كە ماڵەكەی لە شرنەخ جێهێشتووە و بە شێوەیەكی كاتیی رووی لە شارۆچكەی جزیر كردووە بە بەناوی رەمەزان ئـ. هیوای خواست كە بەزووترین كات پێكدادانەكان كۆتاییان بێت.
رمەزان ئاماژەی بەوە كرد كە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان بوونەتە قوربانی و ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و گوتی: ''خۆبەڕێوەبەری سەری نەگرت. لەبەر ئەوەی لە جزیر سەرنەكەوت، پێویستە لە شرنەخیش بیكشێنەوە. دەوڵەت رێگە بەمە نادات لەبەر ئەوە پێویستە كە پەكەكە بكشێتەوە. با ئەم مەرگەساتە بووەستێت''.