کورتوڵموش: "یەکێک لەو مافانەی ھەموو کەسێک لەدایکبوونەوە ھەیەتی، ئەوەیە بتوانێت زمانی دایک بەکاربھێنێت"
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش: "(ئەو هۆنراوەیەی بە زمانی کوردی لە دیاربەکر خوێندمەوە) بەیتێکی کوردی بوو کە گوزارشت لە ئاواتی یەکڕیزی، دەست لەناو دەست و پێکەواژیان دەکات لە ئاشتییدا و باڵادەستبوونی ئارامیی و خۆشگوزەرانیی لە نێوانماندا".

Diyarbakir
دیاربەکر - AA
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش سەبارەت بەو هۆنراوەیەی لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی ساڵی ئەکادیمی زانکۆی دیجلە بە زمانی کوردی خوێندییەوە، ڕایگەیاند: "بەیتێکی کوردی بوو کە گوزارشت لە ئاواتی یەکڕیزی، دەست لەناو دەست و پێکەوە ژیان دەکات لە ئاشتییدا و، باڵادەستبوونی ئارامیی و خۆشگوزەرانیی لە نێوانماندا. لەو باوەڕەدام ئەمە هاوکار دەبێت لە برایەتیی و خۆشگوزەرانیی لە تورکیادا".
دوای بەرنامەی دیداری کۆمەڵگای مەدەنی دیاربەکر، کورتوڵموش وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ دیاربەکر و بابەتە هەنووکەییەکان دایەوە.
کورتوڵموش باسی لەوە کرد لە دیاربەکر بەرنامەیەکی جوانیان ئەنجامداوە، کە لەگەڵ نزیکەی ٣٠ پەرلەمانتار و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا بەشداریان لەم بەرنامەیەدا کردووە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر پلانی بۆ دانراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کورتوڵموش، ئاماژەی بەوە کرد پێیانوایە ئەو بەرنامانەی لەگەڵ زانکۆی دیجلە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجامیانداوە، بەسوود بووە و ڕایگەیاند: "هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کەمیش بوو، کاتێک بە شەقامەکانی دیاربەکردا گەڕاین، ئەو هیوا و جۆش و خرۆشەم لە چاوی خەڵکدا سەبارەت بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بینی. پشتیوان بەخودا ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی و، وەک پرۆسەیەک کە شایەنی بەشداری ھەموو لایەنەکانی تورکیا بێت، ھەمووان ڕازی دەکات و بەڕاستی داھاتووی تورکیا مسۆگەر دەکات و ڕووناکی دەکاتەوە، بە ئەنجام دەگات".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە تا ئێستا لە هەژماری فەڕمی پەرلەماندا دەیان پۆست بە زمانە جیاوازەکان بڵاوکراوەتەوە. لە بەرنامەی زانکۆکەشدا هۆنراوەیەکتان بە زمانی کوردی خوێندەوە و لە هەژماری فەڕمی پەرلەمان بڵاوکرایەوە. کەسانێک ڕەخنەیان لێ گرت و کەسانێکیش بە ئەرێنیی پێشوازیان ڵێکرد. بۆچوونتان لەم بارەیەوە چییە؟ کورتوڵموش ڕایگەیاند: "پێموایە لە جێگەی خۆیدا بوو. بەیتێکی کوردی بوو کە گوزارشت لە ئاواتی یەکڕیزی، دەست لەناو دەست و پێکەواژیان دەکات لە ئاشتییدا و، باڵادەستبوونی ئارامیی و خۆشگوزەرانیی لە نێوانماندا. لەو باوەڕەدام ئەمە هاوکار دەبێت لە برایەتیی و خۆسگوزەرانیی لە تورکیادا".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی ئایا لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا چاکسازیی یاسایی دێتە ئاراوە یان نا؟ کورتوڵموش ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە کۆميسیۆنی هاودەنگیی نەتەوەیی، برایەتیی و دیموکراسیی تا ئێستا ١٥ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و، گوێی لە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی گرتووە.
گوتیشی: "لە کۆميسیۆنەکەدا چەندین کەسایەتی جیاواز ھەبوون کە لەگەڵ بیروڕاکانیان بووین و ھەندێکیشیان لەگەل بیروڕاکانیان نەبووین، بەڵام لە ئەنجامدا ئەم کۆميسیۆنە بە تەنیا ئەمەی بەدەستھێنا و سەرکەوتوو بوو. لە تورکیا دەکرێت بە تەواوی ژینگەیەکی تەندروستی گفتوگۆی دیموکراسیی دابمەزرێت و لەمەوە ئەنجام بەدەست بێت. ئەو کۆميسیۆنەی ١١ پارتی سیاسی بەشداریان تێدا کردووە، بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەسەر ھەموو شتێک گەیشتووەتە ئاستێکی دیاریکراو. لە کۆتاییدا ڕاپۆرتێک دەخرێتەڕوو. ئەو بابەتانەی کە تا ئێستا لە ڕاپۆرتی کۆميسیۆنەکەدا باسیان لێوە کراوە و تەنانەت ئەو بابەتانەش کە فراکسیۆنەکان وەک پێشنیاری نوێ دەیخەنەڕوو، لە ڕاپۆرتی کۆميسیۆنەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و بە بڕیاری زۆرینە دروست دەکرێن. ئێستا ڕاپۆرتێک لە ئارادا نییە کە لەلایەن کۆميسیۆنەکەوە ئامادە کرابێت. ھێشتا لە قۆناغی ئامادەکارییدا نین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا پێتانوایە ئەو بەربەستانەی لەبەردەم خوێندنی کوردی وەک زمانی دایک ھەن، لاببرێن؟ کورتوڵموش ڕایگەیاند: "لە دەستپێکی کردنەوەی زانکۆکەدا من بۆچوونەکانی خۆمم دەربڕی. باسی مافێکی بنەڕەتی مرۆڤم کرد. یەکێک لەو مافانەی ھەموو کەسێک لەدایکبوونەوە ھەیەتی، ئەوەیە بتوانێت زمانی دایک بەکاربھێنێت. چۆنیەتی دەرکردنی بڕیارەکە وەک ئەوەی باسم کرد، بڕیارێکە کە لەلایەن کۆميسیۆنەوە دەدرێت. جارێکی دیکە جەختی لەسەر دەکەمەوە. ئەم کۆميسیۆنە، کۆميسیۆنێک نییە دامەزرابێت یاسا دەربکات. کۆميسیۆنێک نییە دامەزرابێت دەستوور هەموار بکاتەوە. ئەم کۆميسیۆنە تەنیا ڕاسپاردەی دۆزینەوە و پێشنیارەکانی خۆی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی تەواو دیموکراسیی. ئاواتەخوازم ئەو بڕیارەی بە کۆی دەنگ دەدرێت، وەک لە سێ بڕیارەکەی پێشوودا دامان، ڕاپۆرتی کۆمسیۆن ڕەوانەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان بکرێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن