Abdullah Shukur
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی شاری قەیسەری گوتی: "گشت نیشانەکانی ئێستا ئاماژە بە پەکەکە دەکەن، لە دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە لایەن تیمی ئاسایشی پەیوەندیدار، بە لێدوانێکی فەرمی ئەنجامدەران ئاشکرا دەکرێن، بەڵام ئێستا گشت نیشانەکان بە ئاراستەی پەکەکەدا دەڕوات".
کورتوڵمەش بەشداری لە پەخشی راستەوخۆی نێت تیڤی تورکیا کرد و وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە رۆژەڤی دایەوە.
کورتوڵموش لەبارەی پرسیارێکی تایبەت بە ھێرشە تیرۆریستییەکەی شاری قایسەری، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان کرد.
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە گشت نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەکەکە ھێرشەکەی ئەنجامدا بێت. لەمبارەیەوە گوتیشی: " گشت نیشانەکانی ئێستا ئاماژە بە پەکەکە دەکەن، بەڵام ئێمە گشت ئەگەرەکان لەبەرچاو دەگرین، لە دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە لایەن تیمی ئاسایشی پەیوەندیدار، بە لێدوانێکی فەرمی ئەنجامدەران ئاشکرا دەکرێن، بەڵام ئێستا گشت نیشانەکان بە ئاراستەی پەکەکەدا دەڕوات".
کورتوڵموش لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە لە دوای ئەنجامدانی دوو ھێرشی یەک لە دوای یەک، ھیچ ھەنگاوێک لە دژی سەرانی رێکخراوی تیرۆریستی لە ئارادایە؟ گوتی: "داعش ھێرشی کردە سەر ھۆڵێکی بووک گواستنەوە لە شاری عەنتاب، پەکەکە ھێرشی لە دۆڵمەباخچە ئەنجامدا، ٢٥ ھێرشی بۆمبی لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدراوە. ئەوەی قەیسەری بووە ٢٦ەمین. لە نێو ئەمانەش ٢٠ ھێرش لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە و ٥ بۆ ٦ ھێرشیش لە لایەن داعشەوە بووە. ئەوە زۆر ئاشکرایە کە ئەوانەی ھێرشەکان ئەنجام دەدەن لە دەرەوەی سنووری تورکیا پاڵپشتی دەکرێن".