Mazın Asad
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری تورکیا بۆ کاروباری یەکێتی ئەورووپا، عومەر چەلیک کاردانەوەی دژی روونکردنەوەکەی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا فێدریگا مۆگەرینی نیشاندا کە رایگەیاندبوو، پێویستە تورکیا و ھۆڵەندا دۆخەکە ھێور بکەنەوە. چەلیک رایگەیاند،"مۆگەرینی بەم روونکردنەوەیە وەک روونکردنەوەکەی کاتی ھەوڵی کودەتا لە تورکیا روونکردنەوەیەکی ھەڵەی کردووە کە ھیچ کاریگەریی و وەڵامێکی نابێت. رووداوەکەی بەشێوازێکی دروست ھەڵنەسەنگاندووە".
چەلیک لە وەزارەتی کاروباری یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن کۆبووەوە و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
وەزیری تورکیا بۆ کاروباری یەکێتی ئەورووپا گوتی: "پێویستە تورکیا جارێکی دیکە رێککەوتنی کۆچبەران لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا ھەڵبسەنگێنێتەوە".
عومەر چەلیک رایگەیاند ئەگەر راستە توندڕەوەکان و پارتە فاشیستەکانی ئەورووپا بێنە سەر دەسەڵات، ئەوا تابلۆیەکی راست بۆ بەرژوەندییەکانی نیشتمانی تورکیا و جیھان دروست نابێت.
وەزیری تورکیا بۆ کاروباری یەکێتی ئەورووپا گوتیشی: "لەکاتێکدا سنوورەکانی تورکیا ھێندە رووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە، سەرھەڵدانی راستە توندڕەوەکان ئەورووپا پەلکێشی ناسەقامگیری دەکات کە پێموایە ئەمە ھەڕەشە لەسەر بەرژوەندییە نیشتمانییەکانمان دروست دەکات. دوورکەوتنەوەی ئەورووپا لە بەھاکان، نیشانەی وەرگەڕانی ئەورووپایە بۆ دڕندایەتی کە ھەروەک دوا ھەڵوێستی ھۆڵەندا بینرا".
چەلیک ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی سیستەماتیکی واژوویان بۆ پشتگیریکردنی تورکیا دژی ھێرشەکانی داعش کرد، ھەمان ھەڵوێستیان دژی ھێرشەکانی پەکەکە نیشان نەدا و زیاتر گوتیشی: "پەکەکەش لەم ھەڵوێستەدا ھێزی بەدەستھێنا و بەو ھۆیەوە کۆتایی بە قۆناغی چاک داماڵێن ھێنا".
وەزیری تورکیا بۆ کاروباری یەکێتی ئەورووپا عومەر چەلیک لە درێژەدا گوتیشی: "تورکیا چەند رکابەرێکی ئەورووپی ھەیە. ئەمانە، دەیانەوێت قەیرانەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا بگەیەنرێتە لێواری بچڕان. ھاوکات ئەو رکابەرانەی تورکیا کە لە یەکێتی ئەورووپا دانین، لە ھەوڵی دانانی نەخشە رێگان بۆ ئەو لایەنانەی یەکێتی ئەورووپا کە دژی تورکیان".