Tuğrul Çam,Rewa Mahmood Hasan
18 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2019
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا لەسەر پرۆگرامی F-35ی تورکیا هیچ پاساوێکی شەرعی نییە ودەڵێت "ئەمریکا بانگهێشت دەکەین لەو هەڵەیەی پاشگەزبێتەوە کە برینێک دەخاتەنێو پەیوەندییە ستراتیجییەکانمان کە بەهیچ جۆرێک سارێژکردنی نابێت".
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی لێدوانی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دراوەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو بە هۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە تورکیا لە پرۆگرامی F-35 دەکرێتە دەرەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، ئەم هەنگاوە لەگەڵ رۆحیەتی هاوپەیمانییەتیدا یەکانگیر نییە و هیچ پاساوێکی شەرعیشی نییە.
کردنە دەرەوەی تورکیا لە پرۆگرامەکە هەروەک ئەوەی دادپەروەرانە نییە، بیانوویەک گوایا سیستەمی S-400 دەبێتە هۆی شکستی F-35ەکان هەژمار ناکرێت. لەم بارەیەوە وەڵام نەدانەوەی داخوازییەکانی تورکیا بۆ دامەزراندنی گرووپی کار بە بەشداری ناتۆ، ئاماژەیەکە بۆ بڕیارە پێشوەختەکانی ئەمریکا و کەموکوڕی لە ئیرادەیان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە بەرەهەندی خۆیان بە نیازێکی باش.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرنگی ئەمریکا بە دۆستایەتی تورکیا نابێت تەنها لە گوفتاردا بمێنێتەوە، بەڵکو لە کرداریشدا دەبێت لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش، پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە و فەتۆدا نیشانی بدات.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، "ئەمریکا بانگهێشت دەکەین لەو هەڵەیەی پاشگەزبێتەوە کە برینێک دەخاتەنێو پەیوەندییە ستراتیجییەکانمان کە بەهیچ جۆرێک سارێژکردنی نابێت".