ئه‌نقه‌ره
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو له باره‌ی هاوكاری وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه گوتی: "تا ئه‌مڕۆ یارمه‌تی زۆری پێشمه‌رگه‌مان داوه له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش و به‌رده‌وامیش ده‌بین. هه‌روه‌ها له بواری مه‌شق و ڕاهێنان و پڕ چهككردندا هاوكاریان ده‌كه‌ین".
له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا چاوش‌ئۆغڵو له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له‌گه‌ڵ هاتنی حكومه‌تی بنكه فراوان و نوێی عیراقدا، په‌ڕه‌یه‌كی نوێ له په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌ستی پێ كردووه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه سه‌ره‌ڕای گرتنه به‌ری هه‌نگاوی گرنگ، به‌ڵام كێشه‌كانی ئه‌و ولاته هێشتا به‌رده‌وامن و گوتی: "ئیمه له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆر و داعشدا پشتیوانی حكومه‌ت و گه‌لی عێراق ده‌كه‌ین، به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر پێشكه‌ش كردنی هاوكاری پێویست بۆ عێراق".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی له‌وه‌ش كرد كه پیكهاته‌ی سوپا و هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق سه‌رله‌نوێ بنیات ده‌نرێنه‌وه و گوتی: "توركیا له ڕووی مه‌شق و ڕاهێنان و پڕچه‌ك كردنه‌وه، به‌هه‌موو شوێوه‌یه‌ك یارمه‌تی هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق ده‌دات".
هاوكات سه‌باره‌ت به‌و لیسته‌ی باس ده‌كرێت كه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌كاتی سه‌ردانی توركیادا پیی دابن، چاوش‌ئۆغڵو گوتی: "له‌باره‌ی داعشه‌وه هیچ لیستێك ڕاده‌ستی ئێمه نه‌كراوه".