پاریس
دوای هێرشی چەكداریی پاریس كە بە هۆیانەوە 17 كەس لەو شارە كوژران، ئەمڕۆ بۆ ئیدانەكردنی تیرۆر و تیرۆریستان سەرۆك و نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵاتی جیاجیا لە جیهان بەشدارییان لە خۆپێشاندانی بەناوی "خۆپێشاندانی كۆماریی" لە پاریس كرد. لە چوارچێوەی ئیدانەكردنی ھێرشی تیرۆریستی رێپێوانێكی جەماوەریی بەڕێوەچوو كە ژمارەیەك سەركردەی جیھان بەشداریان تێدا كرد. رێپێوانەكە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی پێھات.
داوی رێپێوانەكە سەركردەكانی جیھان بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ھێرشەكان چەند ساتەوەختێك وەستا. راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركڵ، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا ماریانۆ راژیۆ، سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا ژین كڵاودێ ژانكێر، سەرۆكی وڵاتی ئۆكراینا پێترۆ پڕۆشینكۆ، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو، سەركۆماری مالی باوبەجار كەیتا، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھو و سەرۆكی دەوڵەتی فەڵەستین مەحموود عەباس لە ریزی پێشەوە نزیكەی 400 مەتر بەیەكەوە رێپێوانیان كرد.
پۆلیسی فەڕەنسا لە كاتی بەڕێوەچوونی رێپێوانەكە رێوشوێنی ئەمنی توندیان لە ئاسمان و زەوی گرتبووەبەر و ھەلیكۆپتەرەكان لە ئاسمان چاودێرییان دەكرد.
- سەرخۆشی لە ماڵباتەكان كرا
سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند دوای رێپێوانی لەگەڵ سەركردەی وڵاتان پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ ماڵباتی قوربانییەكان دووپات كردەوە. چاوەڕوان دەكرێت ئۆڵاند سەردانی كۆمەڵەی مووسەویەكان لە یەكێ لە گەورەترین پەرستگەی جوولەكاكان لە پاریس بكات. ئۆلاند رایگەیاند "ناوی پاریس ئەمڕۆ وەكو پایتەختی بەرەنگاربوونەوە لە دژی تیرۆر لە مێژوودا تۆمار كرا".