دوای هێرشەكانی پاریس كە بە هۆیانەوە 17 كەس كوژران، ئەمڕۆ لە پاریس بۆ ئیدانەی كردنی تیرۆر و تیرۆریستان نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵاتی جیاجیای جیهان بەشداریی لە خۆپیشاندانێك بە ناوی خۆپیشاندانی كۆماری دەكەن.
ئامادەكارییەكانی ئەو خۆپیشاندانە كە سەرۆكوەزیرانی توركیایش تەیدا ئامادەیە، بە كۆتایی هاتووە و خەڵك وردە وردە رووی لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكە كردووە. بۆ ئەوەی ئەو خۆپیشاندانە بەبێ كێشە و گرفت بەڕێوە بچێت، مۆڵەتی هێزەكانی پۆلیس هەڵوەشێنراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێوەشوێنی ئەمنی پێویست زیاتر لە پێنج هەزار پۆلیس راسپێردراون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پاریس لە سەر باڵاخانەكانی نزیكی گۆڕەپانەكە هێزی نیشان شكێنی دامەزراندووە و كۆپتەرەكانی هێزی پۆلیسیش بەسەر ئاسمانی گۆڕەپانەكەدا دەسووڕێنەوە.
ئامادەبوونی سەرۆك و نوێنەرانی ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی جیهان بووەتە هۆی زیاتر توند كردنی رێوەشوێنە ئەمنییەكان. بۆ ئەوەی قەرەباڵغی روو نەدا لە مەیدانی كۆماری تا گۆڕەپانی ناشیۆن دوو كریدۆر ( هێڵ بۆ ئەنجامدانی رێپیوان) كراونەتەوە. پارێزگاری پاریس هەموو هاتوچۆی مێترۆ و وێستگەكانی نزیك ئەو گۆڕەپانانەی راگرتووە، چاوەڕوان دەكرێ خۆپیشاندانەكە سەعات سێ بە كاتی پارسی دەست پێ بكات و بۆ ئەوەی خەڵكێكی زۆر بتوانێت ئامادەی خۆپیشاندانەكە بێت گواستنەوەی خەڵك لە ناوچە نزیكەكاندا بۆ گۆڕەپانەكە بە خۆڕاییە.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا رۆژی شەممە ئاماژەی بەوە كردبوو كە چاوەڕوان دەكرێت لەو خۆپیشاندانەدا كە داوای یەكێتی و هەماهەنگی لە دژی تیرۆر دەكرێت بە لانی كەمەوە یەك ملیۆن كەس بەشدار بێت. رۆژی شەممە لە چەندین شاری فەڕەنسادا خۆپیشاندان ئەنجامدرابوو و نزیكەی 700 هەزار كەس ئامادەی ئەو خۆپیشاندانانە ببوو.
لەو خۆپیشاندانەدا كە سەركۆماری فەڕەنسا داوای لە وڵاتانی جیهان كردووە ئامادەی بن سەرۆكوەزیر و بەرپرسانی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان ئامادە دەبن.
سەرۆكوەزیرانی توركیا، راوێژكاری ئەڵمانیا، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا، سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا، سەرۆكی ئۆكراینا، سەرۆكوەزیرانی هۆڵاندا، سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا، سەرۆكی كۆنسەی ئەورووپا، سەرۆكوەزیرانی دانیمارك، سەرۆكوەزیرانی بۆلغاریا و سەركۆماری مالی، سەركۆماری نیجێریا و چەندین بەرپرسی وڵاتانی دیكەی جیهان ئامادەی ئەو خۆپیشاندانەن.
چاوەڕوان دەكرێت كە هەر یەك لە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی فەڵەستینیش بەشداریی لەو خۆپیشاندانەدا بكەن.
سەركۆماری فەڕەنسا پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە لە كۆشكی ئەلیزا لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی ئامادەی خۆپیشاندانەكە دەبن كۆ دەبێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە خەڵك دەستیان بە دانانی تاجە گوڵینە لەشوێنی رووداوەكە بۆ قوربانیان كردووە.