بەغدا – AA
تورکیا و عێراق بە سەردانیکردنی یەکتر لەسەر ئاستی باڵا، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەھێزتر دەکەن.
دوێنێ دووشەممە، وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی بەسەردانێکی فەرمی بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس بە تایبەت دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی لە بەندەری جەیھانی تورکیا، گەیشتە ئەنقەرە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزاەرەتی نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، ئاڵپارسڵان بایراکتار کۆبووەتەوە و ھارکارییەکانی بواری وزە و نەوتیان تاوتوێ کردووە.
لە کاتێکدا وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی کە بەسەردانێکی فەرمی لە ئەنقەرە-یە بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان سەردانێکی فەرمی بۆ بەغدا ئەنجام دەدات.
ھاکان فیدان کە لە ٥ی حوەزیرانی ٢٠٢٣دا وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستبەکاربوو، بۆ یەکەمجارە سەردانی عێراق دەکات کە لە میانیدا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە و دواتر بە ھاوبەشی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجام دەدەن.
ھاکان فیدان و فوئاد حوسێن لە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣دا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن کە لە شاری باکو پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوە.
- ھاکان فیدان لە بەغدا و ھەولێر گفتوگۆ ئەنجام دەدات
بڕیارە سبەی چوارشممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان لە بەغدا درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، سەرکۆماری عێراق عەبدولـلەتیف ڕەشید و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبوسی کۆببێتەوە، دواتر لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەی تورکمان لە بەغدا کۆدەبێتەوە.
ھاکان فیدان لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا، پرسەکانی ھاریکاری ئەمنی، بازرگانیی، ئابووریی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات، ھەروەھا بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە کە ھەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی تورکیا لە عێراق، لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە باس دەکرێت.
جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ھەروەھا پرسە ھەنووکەییەکانی ناوچەکەیش لە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ھەڵدەسەنگێندرێن، بۆیە ئەگەری ھەیە ھەناردەکردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ تورکیا دەست پێ بکاتەوە.
ھاکان فیدان دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، سەردانی ھەولێر دەکات و لە میانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانی عێراق کۆدەبێتەوە.
- "پێویستە لەڕووی ھەناردەکردنی نەوتەوە لەگەڵ تورکیا زیاتر نەرم و نیان بین".
ئامانجی ھەردوو وڵاتی دراوسێ لە ڕێگەی سەردانی ئاستی باڵای ھاوبەشەوە ھاوکارییەکانیان زیاتر بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە ٢١ی ئاداردا سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەلایەن سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری پێشوازیی لێکرا.
ئەو کات رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا کە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامی دا، ئاشکراشی کرد کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی تاوتوێی سەرجەم ڕەھەندەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان کردووە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێداگریمان لە پێکەوە کارکردن کردووە لەبارەی جێبەجێکردنی "پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان" کرد کە ڕێگای وشکانی و ئاسنین لە بەسڕەوە تا تورکیا لە خۆدەگرێت، بەم ھۆیەوە ئەو وەزیرە ھاوڕێیانەشمان ڕاسپاردووە بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسە، ھەنگاوێکی ھەستیارمان بە ئاراستەی ئەو ئامانجە لەگەڵ پەسندکردنی بەیاننامەی ئەنقەرە ھاویشتووە، ڕێگای گەشەپێدان نەک تەنھا بۆ تورکیا و عێراق، بەڵکو پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە بۆ گشت ناوچەکە، بەم ھۆیەوە ملیۆنان کەس لە ئەورووپاوە تا کەنداو سوودمەند دەبن،بەم پڕۆژەیەوە کە ھەماھەنگی ناوچەییمان بەھێزتر دەکەین و قەبارەی بازرگانیمان فراوانتر دەکەین، دەزانین کە وڵاتانی دیکەی برا لە نزیکەوە چاودێری ئەمە دەکەن، پەنا بەخوا لەگەڵ بەشداری ئەوانیش، پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان" دەگۆڕین بۆ رێگای ئاوریشمی نوێ".
سەرکۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە ھەمان ھەستیاریان لەگەڵ عێراق ھەیە لەڕووی زیادکردنی قەبارەی بازرگانی دوولایەنە و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بازرگانان و ھاووڵاتیان رووبەڕووی دەبنەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆنگرە ڕژۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، ژمارەیەک کۆمپانیای تورکی لە عێراق کار دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە بەسڕەی کردووە، بە شێوەیەک ئەو شوێنە تەنھا نەخۆشخانەیەک نەبووە بەڵکو زیاتر وەک شارێکی پزیشکیی بووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند کە کۆمپانیایەکی تورکی ئەو نەخۆشخانەیەی لە بەسڕە دروستکردووە و بە ھەمان شێوە نەخۆشخانەیەکی دیکەش دروستدەکرێت و بە رووی ھاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی پێکەوە کارکردن لەگەڵ تورکیا گوتبووی: "ئارەزووی ئەوە دەکەین کە لەگەڵ سەرجەم برایانمان (تورک)، و پیاوانی کار و وەبەرھێنەران پرۆژەی جیددی جێبەجێ بکەین".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەکانی لە ئەنقەرە لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ تورکیا ئاماژەی بەوەدابوو: " پێویستە بەنەرم و نیانی لەسەر ئەو پرسە، بەرامبەر بە تورکیا مامەڵە بکەین".
باسی لەوەیش کردبوو کە لە ٢٥ی ئازارەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا وەستاوە و گوتبووی: " لە ئەنجامی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوت زیانی زۆری ماددیمان کردووە".
کۆمپانیاکانی بیناسازی تورکیا بەردەوامن لە واژۆکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر بەتایبەت بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکان لە عێراق.
نەخۆشخانەی فێرکاری ئحەکیم کە لەلایەن کۆمپانیای یونێڤێرساڵی ئەجارسانی تورکییەوە دروستکراوە، لە ١٠ی ئابی ئەمساڵدا لە پارێزگای میسان خرایە خزمەتەوە.
ھەروەھا لە سەردەمی حکوومەتی پێشووی عێراق، بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، نەخۆشخانەی فێرکاری ناسرییە کە لەلایەن کۆمپانیای یونێڤێرساڵ ئەجارسانی تورکیاوە دروست کرا و ٤٩٢ قەرەوێڵە لەخۆدەگرێت، لە پارێزگای زیقار لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا کرایەوە.
- پاڵپشتیی " TİKA " بۆ پڕۆژەی " سەوزایی بەغدا"
دەزگای ھاوکاری و ھەماھەنگی تورکیا (TİKA) و مانگی سووری تورکیا بەردەوامن لە پێشکەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان و ئەزموونی گەشەپێدانی تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە زۆر بواردا وەک پەروەردە، تەندروستی، گروپە بێبەشەکان و پاراستنی میراتی مێژوویی.
نوسینگەی نوێنەرایەتی دامودەزگاکانی تورکیا کە لە عێراق کاردەکەن لە زۆر بواردا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، ھەر لە پاڵپشتیکردنیان لە کارەساتە سروشتییەکان تا دەگاتە دابینکردنی پێداویستی خۆراک و جلوبەرگ بۆ کەسانی ھەژار و کەمدەرامەت، ھەروەھا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتە میراتییەکانی عوسمانی.
ڕێکخەری کاروبارەکانی سەرۆکایەتی ئاژانسی ھاریکاریی و ھەماھەنگیی تورکیا لە بەغدا، ئۆغوزھان دینلەر ڕایگەیاند، "ئەو سیاسەتانەی کە لە بواری گەشەپێدان پەیڕەوی دەکەین لە ھەمان کاتدا لە عێراقیش جێبەجێی دەکەین و ھاوکات بەشدارین لە پڕۆژەیەک 'بەغدایەکی سەوزتر'.
news_share_descriptionsubscription_contact



