Mazın Asad,Abdullah Shukur
23 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "پرۆژەی تەوژمی تورک ھۆکار نییە بۆ تێکدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی وزە، بەڵکو سیمبۆلێکی جوانە لە سیاسەتی دەرەوەمان بۆ بەرگریکردن لە ئاشتی وەک ئامرازێک".
سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لەکاتی بەسەرکردنەوەی کەشتییەکی بیناسازی کە پرۆژەی تەوژمی تورکی لە ئەستۆ گرتووە، لە شاری ئاناپا لە رووسیا پەیوەندی بە سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.
ئەردۆغان ھیوای خواست پرۆژەی تەوژمی تورک ببێتە خێر بۆ ھەردوو وڵات.
سەرکۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکەدا گوتی: "بەناوی خۆمەوە سڵاو لە دۆستی بەڕێز کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و ئەوانەی رەنجیان بۆ ئەم پرۆژە مێژووییە ھەیە دەکەم و لە ناخەوەش سڵاو لە گەلی رووسیا دەکەم. ئەم پرۆژەیە شوێنێکی تایبەتی لە پەیوەندییە دوو قۆڵی ئابووری و سیاسییەکانمان ھەیە کە وەک گەرەنتیدەری پەیوەندییەکانە. پرۆژەکانی وزە لە نێوان وڵاتەکانمان بە تایبەتی پرۆژەکانی غازی سروشتی، نزیکەی ٣٠ ساڵە بووە بە رێڕەوی متمانەی داخوازی غاز. رووسیا بە سەرچاوە فراوانەکانی غازی سروشتی و ژێرخانی بەھێزی، لە ناوچەکەدا ئاکتۆرێکی گرنگی وزەیە. ئێمە لە پتەوکردن و گەشەپێدانی ئەم ھاوپەیمانی و دۆستایەتییە پێداگرین".
ئەردۆغان راشیگەیاند ئەو پرۆژانەی لەم ماوانەی دوایی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە تایبەتیش پرۆژەی تەوژمی تورک، بووە بە سیمبۆلی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە گشت بوارەکاندا.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە رەنجێکی زۆر لە پرۆژەی تەوژمی تورک کێشراوە و گوتیشی: "وا بە ئاسانی بەم رۆژانە نەگەیشتین. بە سایەتی پرۆژەی تەوژمی تورک و ھێلی رۆژئاوا و ھێڵی تەوژمی شین، بێ ئەوەی ناچاری سیستەمی وڵاتێکی دیکە بین لە گواستنەوەدا، غازی سروشتی رووسیا راستەوخۆ بە تورکیا دەگات. پرۆژەی تەوژمی تورک ھۆکار نییە بۆ تێکدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی وزە، بەڵکو سیمبۆلێکی جوانە لە سیاسەتی دەرەوەمان بۆ بەرگریکردن لە ئاشتی وەک ئامرازێک".
-"ئەم پڕۆژەیە تایبەتمەندی مێژوویی ھەیە"
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە ئەو ئارەزووی ئەوە دەکات ھەموویان لەسەر یەک کەشتی بن و گوتیشی: "لەبارەی پڕۆژەی ئاککویو، ماوەیەک پێش ئێستا کەرتی تایبەتی تورکیا چەند رێککەوتنێکیان لە شاری مۆسکۆ واژوو کرد. ئێستا چاوەڕێی وڵاتی چین دەکەین. ئەوانیش ماوەیەک پێش ئێستا سەردانی تورکیایان کرد و من لەگەڵیان کۆبوومەوە. پێموایە ئەوانیش لە ماوەیەکی کەمدا ئەم کارە تەواو دەکەن. بەم پێیەش پڕۆژەی ئاککویو خێراتر تەواو دەکرێ".
-"دەتوانین بە زووترین کات بەشی یەکەمی ئەو پڕۆژەیە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە"
لەلایەکی دیکەش، پوتین رایگەیاند کە قۆناغی ھەماھەنگی لەمبارەیەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە چەندین ساڵی خایاندووە و لەکاتێکدا لە کەمترین ماوە توانیویانە لەگەڵ تورکیا رێکبکەون. گوتیشی: "رێککەوتنی نێوان حکوومەتەکان لەبارەی پرۆژەی تەوژمی تورک حەوت مانگ پێش ئێستا واژوو کرا. لە ماوەی تەنھا چەند مانگێکیش کارەکانی بیناسازی دەستیپێکرد. ئەمەش بەھۆی پشتیوانی تایبەتی جەنابتانەوە ھاتووەتە ئاراوە و لەمبارەیەوەش سوپاستان دەکەم".
پوتین ئاشکراشی کرد ھێڵی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داھاتوو ھاوکات ھێڵی دووەمیش لە ساڵی ٢٠١٩ تەواو دەبێ و زياتر گوتیشی: "چەند خالێکی دیکە لەبارەی پرۆژەکە ماوە کە دەبێ رێککەوتنی لەسەر بکەین. بابەتەکانی وەکو خاڵی ھاتنی ھێڵەکە بۆ نێو تورکیا و چەند بابەتێکی ژینگەیی دیکە. ئەگەر بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بین ئەوا گشت پلانەکانمان لەکاتی خۆی جێبەجێ دەکەین. ئامادەین کە لە رێگەی تورکیاوە غازی سرووشتی بنێرین بۆ رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵات و ئەورووپا".
پوتین بەھۆی پێدانی مۆڵەتی بەرھەمھێنان لە ناوەندی ھێزی ناوەکی ئاککیو سوپای ئەردۆغانی کرد و گوتی: "ئەگەر بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بین ئەوا بەشی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە لە کەمترین ماوەدا دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە کۆتايیدا پوتین ھیوای باشترینی بۆ سەرکۆماری تورکیا و گەلی تورکیای خواست.