Mehmet Tosun
29 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "سەرەڕای ئەو هەموو نادادپەروەریی و ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی بووینەوە، بناغەی دیدگاکانی ساڵی ٢٠٥٣ و ٢٠٧١مان دادەنێین. پێداگرین لە بنیاتنانی سەدەی تورکیا".
سەرکۆمار ئەردۆغان لەو پەیامەیدا کە بەبۆنەی ٩٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رایگەیاند کە خۆشحاڵن بە یادەکرنەوەی ئەو رۆژە. هەروەها پیرۆزبایی ئەم یادەی لە خەڵکی هەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا و هەر تاکێکی تورک کرد لە جیهاندا. سوپاس و پێزانینی خۆشی ئاراستەی ئەو نوێنەرایەتییانە کرد کە لەدەوەی وڵات یادەکە بەرز رادەگرن.
ئەردۆغان یادی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، غازی مستەفا کەمال ئەتاتورک، پەرلەمانتارانی نیشتمانپەروەر و ئەو قارەمانانەی کردەوە کە لە خەباتی سەربەخۆییدا سەرکەوتنی مەزنیان تۆمار کرد، داوای لێخۆشبوونیشی لە خودا بۆ ئەو شەهیدانە کرد کە لە پێناو سەربەخۆیی تورکیادا گیانیان فیدا کرد و بە رێزەوە یادی سەربازە قارەمانەکانی کردەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا لەپێناو بەرزکردنەوەی کۆماری تورکیا کە ٩٩ ساڵ لەمەوبەر لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر سەخت و لە ئەنجامی خەباتێکی چڕدا دامەزرا، بۆ سەرووی ئاستی شارستانییەتە هاوچەرخەکان، بێ وچان لە هەوڵێکی چڕ دان، گوتیشی: "بەو شۆڕشی دیموکراسی و گەشەپێدانەی لەمیانی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەرپامان کرد، نەک هەر ئاستەنگەکانی بەردەم ئیرادەی نەتەوەیی، بەڵکو دیوارە ئەستوورەکانی نێوان گەل و کۆماریشمان لابرد. تورکیامان کردووە بە وڵاتێک دیموکراسییەکەی بەنموونە وەربگیرێت، ئابوورییەکەی سەرنجڕاکێش و دیپلۆماسییەکەی بەگرنگيیەوە تەماشا بکرێت و برایەتییەکەی بە توندی بپارێزێت. تورکیا لەسایەی خەباتی سەربەخۆییدا کە سەدەیەک لەمەوبەر کردی، ئەمڕۆ لەنێو بەختەوەری و خۆشگوزەرانی دایە. هەوڵەکانمان بۆ بنیادنانی ئاشتی و سەقامگیریی و دادپەروەری لەلایەن هەموو چین و توێژەکانەوە بەرز دەنرخێنرێت. هەوڵدەدەین بە سیاسەتی دەرەوەمان لە کۆتاییهێنان بە کارەساتە مرۆییەکانەوە لە سووریا تا دەگاتە چارەسەرکردنی قەیرانی رووسیا و ئۆکراینا، لە دەوروبەرمان ناوچەیەکی خۆشگوزەران، ئارام و سەقامگیر دروست بکەین".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا تورکیا وەک وڵاتێک کە زۆرترین یارمەتیی مرۆیی پێشکەش دەکات، لە هەر شوێنێک ستەملێکراو و قوربانی هەبێت، ئەوان بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ و جیاوازییەکانیان بە هانای ئەوانەوە دێن.
- "بەردەوامین لە هانگاونان بەرەو سەرکەوتنەکان"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە جەختکردنەوە لەوەی کە وێڕای زیادکردنی شکۆ و قورسایی تورکیا لەسەر ئاستی جیهانی، بەبێ وچان بەردەوامن لە هەنگاونان بە ئاراستەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە وڵاتەدا، گوتیشی: "گازی سرووشتیی کە لە دەریای رەشدا دۆزیمانەوە و لەپێناو گەیاندنی بە ماڵەکانمان شەو و رۆژ کار دەکەین، لە بواری وزەدا ئاسۆی نوێی بۆ ئێمە کردووەتەوە. لە بواری پیشەسازی بەرگرییدا گەیشتووینەتە ئاستێک کە دەتوانین دیزاین، پەرەپێدان، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەین. لە گشت بوارێکدا؛ لە کشتوکاڵەوە تا گەشتوگوزار، لە گواستنەوەوە تا پەروەردە و تەندروستی، کێبڕکێ لەگەڵ خۆمان دەکەین و بەردەوامین لە هانگاونان بەرەو سەرکەوتنەکان. چەند رۆژێک لەمەوبەر بناغەی گەورەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتیمان دانا کە پێشوازیی لە پێداویستییەکانی خانوو و زەوی نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتیمان دەکات. ئەمڕۆ رێورەسمی نمایشکردنی یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناوخۆیی و نیشتمانی وڵاتەکەمان، ئۆتۆمبێلی TOGG بەڕێوەدەچێت. سەرەڕای ئەو هەموو نادادپەروەریی و ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی بووینەوە، بناغەی دیگاکانی ساڵی ٢٠٥٣ و ٢٠٧١مان دادەنێین. پێداگرین لە بنیاتنانی سەدەی تورکیا لەسەر ژێرخانی ئەو کار و خزمەتگوزارییانەی کە بۆ وڵاتەکەمان هێناومانەتە کایەوە. خودا یار و یاوەرمان بێت".
ئەردۆغان لەکۆتایی پەیامەکەیدا پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی ٢٩ی تشرینی یەکەم ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری ئاراستەی گەل کرد و هیوای تەندروستی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو لایەک خواست، گوتی: "رۆحی شەهیدەکانمان شاد بێت. ٩٩هەمین ساڵیادی کۆمارەکەمان پیرۆز بێت".