Barış Gündoğan
29 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە- AA
دوای رزگاربوونی ئانادۆڵو لە داگیرکاری دوژمن، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣دا کۆماری تورکیا راگەیەندرا و لە ساڵی ١٩٢٥ەوە ئەم رۆژە وەک "جەژنی نیشتمانیی" پیرۆز دەکرێت.
دەوڵەتی نوێی تورکیا لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ و لەرێی واژووکردنی پەیماننامەی لۆزانەوە بەشێوەیەکی فەرمی تۆمار کرا.
دوو مانگ دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا و لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣دا، شاری ئەنقەرە بوو بە ناوەندی حوکمڕانی.
ئێوارەی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣، مستەفا کەمال ئەتاتورک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەت، بڕیاری دامەزراندنی "کۆمار"یان دا و رەشنووسی تایبەت بە راگەیاندنی کۆماری تورکیایان خستە بەردەم پەرلەمان. بەکۆی دەنگی هەر ١٥٨ پەرلەمانتارەکەی تورکیا، رەشنووسەکە پەسەند کرا و بە دروشمی "بژی کۆمار" دامەزرانی حکوومەتی کۆماری تورکیا، راگەیەندرا.
بەم شێوەیەش بە دروشمی "سەروەری بەبێ هیچ مەرجێک تەنها بۆ گەلە" یەکەم حکوومەتی کۆماریی لە تورکیا، دامەزرا و لە دەنگدانێکی نهێنیدا هەر ١٥٨ پەرلەمانتارەکەی تورکیا، ئەتاتورکیان بۆ پۆستی سەرکۆمار، هەڵبژارد. دوای دەنگدانەکەش ئەتاتورک گوتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی دامەزرانی کۆماری لە گەلی تورکیا، کرد.
لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا، مستەفا کەمال ئەتاتورک، عیسمەت ئینۆنوی وەک سەرۆکوەزیران دیاری کرد و ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی پێسپارد.
نزیکەی ساڵ و نیوێک دوای دامەزراندنی سیستمی کۆماری و لە دووی شوباتی ١٩٢٥دا پێشنیازی راگەیاندنی ٢٩ی تشرینی یەکەم وەک "جەژنی نیشتمانیی" خرایە بەردەم پەرلەمان و لە ١٩ی نیساندا پەرلەمان، پێشنیازەکەی پەسەند کرد.
بەم جۆرە لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٥ەوە تا ئێستا رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەم وەک رۆژی "جەژنی نیشتمانیی" لە تورکیا پیرۆز دەکرێت.