Mustafa Güngör
10 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2018
ئەنقەرە – AA
دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون و بەرقەراربوونی ئاسایش و گەڕانەوەى خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە عەفرین، مەشقپێکردنی پۆلیسە سورییەکان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا بۆ پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون کە رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی رابردوو لە پێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و سنوورەکان، ھاوکات بە مەبەستی لە چالاکیخستنی ئهندامانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە و داعش و رزگارکردنی خەڵکی دۆست و برای ئەو ناوچەیە لە ستەمی ئەو رێکخراوانە لە لایەن سوپای تورکیا و به پشتیوانی سوپای سووریای ئازاد ئەنجامدرا.
دوای گەڕانەوەى خەڵکەکە بۆ ناوچەکە، بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە شارەکە پۆلیسی سووری مەشقیان پێکرا و دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن.
بە پاڵپشتی ئەکادیمیای پۆلیس و هێزی تایبەتی پۆلیس، ٦٢٠ پۆلیسی سووری لە چەند بوارێکی جیاوازی ئەمنیدا، مەشقیان پێکرا بۆ ئەوەى دەست بە ئەرکەکانیان بکەن.
پۆلیسە سوورییەکان کە تەمەنیان لە نێوان ١٨-٤٥ ساڵانە مەشقەکانیان لە ١٠ی ئایار کۆتایی پێدێت و لە داهاتوودا دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن بۆ بەرقەرارکردنى ئاسایش لە شارەکەدا.
پۆلیسە سوورییەکان سوپاسی پۆلیسی تورکیایان کرد بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ گەڕانەوەى خەڵکەکە بۆ ناو شارەکە و بەرقەرارکردنی ئاسایش تیایدا.
پێشتریش ئەکادیمیای پۆلیس چەندین پۆلیسی سووری پێگەیاندبوو بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.
لە شاری عەزاز بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش زیاتر لە پێنج هەزار پۆلیسی سووری لە پێنج خوێندنگەی جیاواز مەشقیان پێکرا.
ئەو پۆلیسانەى کە ساڵی رابردووش مەشقیان پێکرا لە چەند شوێنێکی جیاوازی سووریا دەستیان بە ئەرکەکانیان کرد.
ئەو پۆلیسانەى کە لە لایەن هێزە تایبەتەکانەوە مەشقیان پێکراوە لە ناوچەکەدا لە ژێر ناونیشانی "تیمی تایبەت" دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە.