İsa Toprak
13 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سێ مانگی ڕابردوودا، ٢٥٨ تیرۆریست لەچالاکی خراون و ڕێگریش لە ٤٤ کردەی تیرۆریستیی کراوە کە ٣٧یان بۆمبی بوون.
لە چوارچێوەی دیدارە میدیاییەکانی "Ankara90" لە GAMERی وەزارەتی ناوخۆ، یەرلیکایا لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکان لە ئەنقەرە کۆبووەوە.
یەرلیکایا زانیاریی سەبارەت بەو چالاکيیانە خستەڕوو کە لە ٩٠ ڕۆژی یەکەمی دەستپێکی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەنجامی داون و، باسی لەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وەک هەمیشە لە ڕیزبەندی یەکەمی ڕۆژەڤیاندایە و هێزە ئەمنییەکان شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایشی وڵات.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کاتێک ئاک پارتی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ڕۆژەڤێکی چڕی تیرۆر لە ناوخۆی وڵاتدا هەبووە و کەشێک گوزەراوە کە گوشار لەسەر بەرهەمهێنان هەبووە و، گوتی: "تیرۆر كە سەرچاوەکەی پەکەکەیە و نزیکەی ٤٠ ساڵە لە ڕیزبەندی یەکەمی کێشەکانی وڵاتە، لە سەردەمی حکوومەتەکاندا گەیشتووەتە خاڵی نەمان و تەواوبوون".
یەرلیکایا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دیدگای سەدەی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوە دژ بە تیرۆر و تیرۆریزم، ئەوەیە کە تیرۆر لە ڕۆژەڤی وڵات دەرکرێت و گوتی: "جارێکی دیکە بەهۆی تیرۆرەوە یەک کوێستانیشمان نابێت داخراوبێت، یان گوندێک چۆڵبکرێت".
وەزیری ناوخۆی تورکیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بێوچان بەردەوام دەبن لەسەر ئەوەی کە وەک سیاسەتێکی دانەبڕاو بەردەوامدەبن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریزم.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ١٥ هەزار و ٦٤٠ کاتژمێر فڕۆنیان بۆ سەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ئەنجام داوە و، گوتی: ''تێکڕا ٤٣ هەزار و ٤٩٠ ئۆپەراسیۆنمان ئەنجام داوە. لەم ئۆپەراسیۆنانەدا ٢٥٨ تیرۆریست لەچالاکی خراون، لەوانەیش ٤٠یان خۆیان ڕادەست کردووە، ٢٧یان کوژراون، ١٨٧یان بە ساغی دەستگیرکراون و چواریان برینداربوون''.
هەروەها یەرلیکایا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ڕێگری لە ٤٤ کردەی تیرۆریستیی کراوە کە ٣٧یان بۆمبی بوون.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، یەرلیکایا ڕایگەیاند: "لەهەزار و٢٨٥ ئۆپەراسیۆندا کە لە ٣مانگی ڕابردوودا ئەنجامدراون، ٧٥ هەزارو ٤٤٢ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون، لەوانەش ٣٢ هەزارو ٥٦٣ کەسیان سنوورداش کراونەتەوە".