Muhammet Ali Kemal
20 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2017
وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند: ''ئیتر قۆناغی چاوەڕێ کردنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ تورکیا کۆتایی هاتووە و قۆناغی هێرشکردنە سەر تیرۆر دەستی پێکردووە''.
سولەیمان سۆیڵو لەمیانەی گوتارێکدا لەمیانەی سوێندخواردنی خوێندکارانی ئەکادیمیای جەندرمە و کارمەندانی ئاسایشی کەناراوەکان، ئاماژەی بەوەکرد تورکیا دوو کاری لەبەردەمدایە کە سەبارەت بە تیرۆر دەبێت بیانکات، یەکێکیان پێناسەکردنی تیرۆرە بەشێوەیەکی دروست و دووەمیان دیارییکردنی بنەماکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە بەشێوەیەکی دروست.
سۆیڵو رایگەیاند: ''ئەمڕۆ لەسەر دەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، کەجەکە، یەپەگە، داعش و فەتۆ، هەڕەشە بۆ سەر تورکیا دروستدەکرێت و سەرەڕای ئەوەی هەموویان لەیەکتر سەربەخۆن، بەڵام بیرۆکەی سەرەکییان هەمان شتە''.
گوتیشی: ''هەڵویستمان روون و ئاشکرایە. ئیتر قۆناغی چاوەڕێ کردنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ تورکیا کۆتایی هاتووە و قۆناغی هێرشکردنە سەر تیرۆر دەستی پێکردووە. ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە لەو بەرەنگارییەدا سەردەکەوین''.
- ''لەساڵی ٢٠١٦دا ٣٤٢ رووداوی گەورە رێگریی لێکراوە''
وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەکردەوە ئەو تیرۆرەی ئەمڕۆ هەیە عەقڵێکی زۆر باڵا سازیکردووە و ئەگەر بەهەمان عەقڵییەتی ناچالاکی پێشووەوە بەرەنگاریی بکرێت، ئەوا لەهیچ شوێنێک و لەهیچ وڵاتێک ئەو بەرەنگارییە سەرناگرێت.
سولەیمان سۆیڵو باسی لەوەکرد بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی شار و رێگاکان، هەموو رێوشوێنەکانیان بەرزکردووەتەوە و سوودیان لەهەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان وەرگرتووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی ٢٠١٦دا رێگریی لە ٣٤٢ رووداوی گەورە کراوە کە ٢٤٧یان تەقینەوە و ٢٣یان هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژیی بووە''.
سۆیڵو راشیگەیاند: ''گرنگترین دەستکەوت بریتییە لە دابەزاندنی ئاستی پەیوەندیی کردن بەرێکخراوی تیرۆریستییەوە بۆ نزمترین ئاست لە مێژوودا بەشێوەیەک لەماوەی دوو مانگی رابردوودا تەنها ٥ کەس چوونەتە ریزەکانی پەکەکەوە".