Hakan Burak Altunöz,Hakan Çopur,Muzaffer Çağlıyaner,A. Eda Ünlü Özen,A. Selimhan Dincer,Muhammet Ali Kemal
26 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
ترابزۆن- AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند ''لێرەوە بە ئەمریکای هاوپەیمانمان دەڵێم کە شەش بنکەی ئاسمانیی لەوێ دامەزراندووە. ئەگەر تۆ هاوپەیمانمانی دەبێت پێمان بڵێیت بۆچی ئەو بنکانەت دامەزراندووە. دەبێت پێمان بڵێیت کە دژی چی و کێ درووستت کردوون''.
سولەیمان سۆیڵو لە میانی کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا لە شارۆچکەی شاڵپازاری گوتارێکی پێشکەشکرد و سەبارەت بە رووداوەکانی رەققە ئاماژەی بەوەکرد هەمووان ئەو گەمەیە دەبینن کە دەکرێت.
سۆیڵو تیشکی خستەسەر ئەوەی داعش رەققەی کۆنترۆڵ کردبوو، راشیگەیاند "دواتر لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە گەورەترین هێزی جیهان کە ئەمریکایە، دەستبەکاردەبێت. ناویشی گوایە هاوپەیمانانە. دەستی داعش و پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە دەخاتە ناو یەک. دوای ئەوە بێ ئەوەی هیچ خوێنێک بڕژێت، بێ ئەوەی هیچ ببێت، وەک چۆن فوو لە شتێک دەکەیت، بەوشێوەیە داعش ئەوێ جێدەهێڵێت و دەڕوات".
گوتیشی: ''دەیانەوێت ئێمە باوەڕ بەو سیناریۆیە بکەین و بە گوتەکانیان هەڵبخەڵەتێین و متمانەیان پێبکەین. بیکەن بە خاتری خوا، ئێمە عەقڵمان لەدەستنەداوە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوەکردەوە ئەو سیناریۆیە زۆر روون و ئاشکرایە و رایگەیاند: ''ئەوانەی داعشیان دروستکرد و هاوشێوەی کاتژمێرێک کەی ویستیان کۆتایی پێبهێنن، دەستیان بە دوگمەکەدا نا و پێیان گوت 'وادەی بەکارهێنانت بەسەرچووە'. بە عەقڵی خۆیان هەوڵی بەهێزکردنی پەکەکە و پەیەدە لەوێ دەدەن. بە هەوڵی خۆیان گەمەیەکی نوێ بۆ ئەوان دروستدەکەن. دەپرسین 'بۆچی زیاتر لە چوار هەزار بارهەڵگر چەکتان بۆ ئەو ناوچەیە هێنا؟'، وەڵاممان نادەنەوە. بۆچی هێناوتانە بۆ ئەو ناوچەیە؟ داعش تەواوبوو، وایە؟ شەڕ لەگەڵ کێ دەکەن، چی دەکەن؟ ئەی ئەو بنکە ئاسمانییانەی داتانمەزراندووە، شەش بنکەی نوێی ئاسمانییتان دامەزراندووە. ئەم بنکانەتان بۆ کێ دامەزراندووە؟ داعش تەواوبوو، ئەم هەموو ئامادەکارییە زۆرەتان بۆچی کرد؟ لەپێناو چیدا ئەنجامتاندا؟ وا دەزانن مافی ئەوەتان بەدەستهێناوە کە ئەم ناوچەیە بەپێی ئەو نەخشەیەی خۆتان کێشاوتانە راستبکەنەوە، بەڵام بەهەڵەدا چوون".
سولەیمان سۆیڵو رووی قسەکانی کردە ئەو هێزە رۆژئاواییانەی کە پیلان دژی تورکیا ئەنجامدەدەن و ئاماژەی بەوەکرد ئەمانە زەبری مێژوویان بەردەکەوێت و تووشی نائومێدیی دەبن. گوتیشی: ''لێرەوە بە روون و ئاشکرایی دەیڵێم، بە ئەمریکای هاوپەیمانمان دەڵێم کە شەش بنکەی ئاسمانیی لەوێ دامەزراندووە. ئەگەر تۆ هاوپەیمانمانی دەبێت پێمان بڵێیت بۆچی ئەو بنکانەت دامەزراندووە. دەبێت پێمان بڵێیت کە دژی چی و کێ دروستت کردوون''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو راشیگەیاند: ''لە زستانیشدا بەرەنگاریی تیرۆر دەبینەوە. ئێستا وا دەزانن زستان هاتووە ئیتر رێکخراوە تیرۆریستییەکان ئاسوودە دەبن؟ پەناگەکانتان بەسەرتاندا دەڕووخێنین. ئەمە بەو شێوەیە بزانن. ئەم زستانە یان لەدەرەوە دەمێننەوە یان رەق دەبنەوە. ئەمە زۆر روون و ئاشکرایە. هێزە ئەمنییەکانمان بە پشتیوانیی نزاکانی ئێوە و لەپێناو خۆشگوزەرانی و یەکتییماندا بەرەنگارییەکی گەورە ئەنجامدەدەن".