Rewa Mahmut Hasan
26 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
ئیستانبوڵ-AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی رۆژی جیهانی "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان" بەشداری کرد لە پرۆگرامێکی تایبەت بەو بۆنەیەوە کە لە ناوەندی نمایشی بەیاتلی شاری ئیستانبوڵ رێکخرابوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرەتا باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و بەدەستهێنانی مافی زیاتری ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆژە پلانێکی نوێ ئامادەکراوە و گوتی: ''کێشەیەکی گرنگی دیکە کە دەبێت کۆتایی بێت، بەشوودانی پێشوەخت و بە زۆرە. ئەگەر لە وڵاتماندا بەرامبەر مرۆڤ، یان بەتایبەت بەرامبەر ئافرەتان تێروانینی هەڵە، قبووڵی هەڵە و کاری هەڵە هەبێت، دەبێت بە قووڵییەکی تر بۆ هۆکارەکەی بگەڕێین نەک وابەستەی بکەین بە ئایین و کولتوورەکەمانەوە. لەم رووەوە بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئافرەتان، دەبینە دەرماندەری دەردی هەموو میللەتکەمان، بگرە هی مرۆڤایەتیش. لەو پەڕی ئەمەشەوە دەزانین کە کۆمەڵگەیەک ئەگەر لەسەر بنەمای ماف و دادپەروەری کێشەی ئافرەتانی لە رووی پەروەردە و کار و جیاکاری و توندوتیژیەوە چارەسەر نەکردبێت، ئەوا ناگاتە ئامانجەکانی خۆی، چونکە ئەگەر ئافرەت نەبوو ئەوا نیوەی کۆمەڵگە نابێت. تا ئێستا وەزارەتەکەمان پشتیوانیی لە سکاڵای ٢٠ هەزار ژن کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، کردووە و ئەوەی نیشانداوە کە ژنە قوربانییەکان بە تەنها نیین''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: ''توندوتیژیی دژ بە ژنان هەرگیز جێگەی پەسەندکردن نییە. وەک سەرکۆمارێک کە توندوتیژیی دژ بە ژنان وەک ناپاکی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ناساندووە، دەڵێم کە هەرکەسێک ئەو ناپاکییەی ئەنجامداوە، پێویستە سزاکەی وەرگرێت.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵو کە لەهەمبەر ئافرەت کردبووی بە "ئابرووچوون" ناوزەند کرد و گوتی: "ئەم کەسایەتییە لەبارەی ئافرەتانەوە لە کۆبوونەوەیەکدا دەڵێت؛ 'ئەگەر پیاو بێکار بێت و پارە نەیەتە ماڵ، ئەگەر ئێوارە مەنجەڵ نەکوڵێت ئەوا ئەم پیاوە تۆڵەی داهاتەکەشی لە ژنەکەی دەکاتەوە' کێ ئەمەی گوتووە؟ کاک کەمال، هزرێکی وا خوار دەبێت؟ دەکرێت تێڕوانینێکی هێندە کۆنەپەرستیت هەبێت؟ ئەمە عەقڵێکە، نەک ناپاکییە بەرامبەر مرۆڤایەتی بەڵکو شەرعیەتدانی رەسمیە بە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان. بە پێی ئەو لۆجیکە ئەو کەسەی کە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنە، هەر نایەوێت بیر بکەمەوە کە دوای هەر دۆڕاندنێکی لە هەڵبژاردن لە ماڵەوە چی دەکات".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک ئاماژەیەک بە کڵچدارئۆغڵو گوتی: ''لە چ بانکێکی دەرەوەی وڵات رەجەب تەیب ئەردۆغان هەژماری هەیە، ئەمە بسەلمێنە. ئەگەر هات و نەتتوانی بیسەلمێنی، دەبێت واز لە سیاسەت بهێنیت. ئەگەر سەلماندیشت من واز لە سیاسەت و لە پۆستی سەرکۆمارییش دەهێنم. ئەوە ئەرز و ئەوە گەز''.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە کەمال کڵچدارئۆغڵو لەسەر خودی ئەو و خێزانەکەی بانگەشەی بۆ کردوون، دۆسیەکی لەسەر کردۆتەوە کە داوای سزادانی دارایی ناوبراو دەکات بە بژاردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرە لە بەرامبەر ناوزڕاندنیان.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بانگەشەکانی کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئێستا لێرەوە لەو زاتە کە خۆم دانابەزێنمە ئەو ئاستەی کە ناوی بهێنم دەپرسم، ئایا بۆ ئەو بانگەشانەی دەیانکەیت بەڵگەت هەیە، ئەگەر هەتە بۆ گەل ئاشکرایان بکە، من دەستبەجێ چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەم. ئەگەر بەڵگەت نییە، وەرە لەبەردەم گەلدا بڵێ تۆمەتم هەڵبەستووە داوای لێبوردن بکە. ئەگەر تەیب ئەردۆغان لە دەرەوەی وڵات یەک فلسیشی هەیە، بیسەلمێنن. پەیمان بێت یەک خولەک چییە لە پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار نامێنمەوە".