Sarp Özer,Müzahim Zahid Tüzün
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2023
قایسەری - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند: "سەربازی تورک لە باکووری سووریا و عێراق ئەوەی پێویست بوو ئەنجامی دا و بەردەوامە لە ئەنجامدانی. گەلەکەمان لە بەڵای تیرۆر رزگار دەکەین".
خولوسی ئاکار کە وەک بەربژێری ئاک پارتی لە بازنەی قایسەری راگەیەندرا، لەگەڵ بەرپرسان و هاووڵاتییان بەشداری لە بەرنامەی بەرزڕاگرتنی جەژنی رەمەزاندا کرد کە لەلایەن پارێزگای قایسەری-یەوە رێک خرابوو و گوتارێکی پێشکەش کرد.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار جەختی لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە بە مەترسی بۆسەر ئاسایش و گەشەکردنی تورکیا دەبیندرێت بە ئیرادەوە بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ساڕێژکردنی ئەو برینانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەشەوە هاتوونەتە ئاراوە.
خولوسی ئاکار سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گوتی: "سەربازی تورک لە باکووری سووریا و عێراق ئەوەی پێویست بوو ئەنجامی دا و بەردەوامە لە ئەنجامدانی. گەلەکەمان لە بەڵای تیرۆر رزگار دەکەین و بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و خۆشگوزرانی گەلەکەمان بە متمانەوە بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بۆ داهاتوو".
وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا وڵاتێکی گەورە و بەهێزە، گوتی: "بەردەوام دەبین لە بەیەکەوە کارکردن بۆ ئەوەی گەورەتر و بەهێزتر بین. بەیەکەوە هەموو ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنین".
خولوسی ئاکار لەکۆتایی گوتارەکەیدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لە هاووڵاتییان کرد و دوای بەرنامەکە سەردانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگاکە و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاکەی کرد و پیرۆزبایی جەژنی لە کارمەندان کرد.