Yeşim Sert Karaaslan
22 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2020
ئەنقەرە - AA
وەزيرى تەندروستيى توركيا، فەخرەددين كۆجا دواى بەشدارییكردنى لە كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى زانستى بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤايرۆسى كۆرۆنا لە رێگەى ڤيديۆكۆنفرانسەوە، كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رێكخست.
فەخرەددین كۆجا، سەرەتا ئامارى ئەمڕۆى ڤايرۆسى كۆرۆناى بڵاوکردەوە كە ماڵپەڕى وەزارەتى تەندروستیى توركيا لە رێگەى "نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە توركيا" بڵاويدەكاتەوە و وگوتى: "لە ٢٤ كاتژمێرى رابردوودا، سێ هەزار و ٨٣ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە (COVID-19) دەستنيشانكراون، ١١٧ تووشبووش گيانيانلەدەستداوە، كۆى گشتيى حاڵەتەكانى تووشبوون بە ڤايرۆسى كۆرۆنا گەيشتووەتە ٩٨ هەزار و ٦٧٤ و گيانلەدەستدانيش گەيشتە دوو هەزار و ٣٧٦ کەس".
کۆجا گوتيشى:"لە ٢٤ كاتژمێرى رابردوودا، هەزار و ٥٥٩ تووشبووى ديكەى ڤايرۆسى كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و بەمشێوەيە ژمارەى چاكبوونەوە لە ڤايرۆسەكە گەيشتە ١٦ هەزار و ٤٧٧ کەس".
وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماژەى بەسەركەوتنى وڵاتەكەى لە بەرنگاربوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا كرد و گوتى: "لە بەرەنگاربوونەوەكەماندا رۆژ لە رۆژ باشترين، لە پێشترين. ئامارەكان، ئەوەمان نيشاندەدات كە پەتاكە لەژێر كۆنتڕۆڵماندايە. لە هەموو جيهاندا تاكو دێت زياد دەبێت بەڵام لە توركيا زۆر بە ئاشكرا جێگيرى نەخشەكە دەبينين".
فەخرەددین کۆجا راشیگەیاند: "لە ئێستادا ئەم خزمەتگوزارييە لە سەدا ٣٠ پڕبووندا بەردەوامى پێدەدەين. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوە نيشانماندەدات كە چەند سەركەوتنمان بەدەست هێناوە لە چارەسەركردن. توركيا بە رێژەى لە سەدا ٢،٣ لەو وڵاتانەيە كە خاوەن نزمترين ئاستى گيانلەدەستدانە. ئەمە بەڵگەى ئەوە كە چارەسەرێكى كاريگەرمان لە بەرامبەر نەخۆشییەكە بەكارهێناوە".
وەزیری تەندروستیی تورکیا گوتيشى: "بەهۆى دەستنيشانكردنى پێشوەخت و رێكارى چارەسەرى كاريگەر رۆژ بەرۆژ ژمارەى نەخۆشەكانى چاودێرى چڕ و ژێر ئامێرى هەناسەدانی دەستکرد كەمدەبێتەوە".
فەخرەددين كۆجا، دۆخى توركياى لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا بەراورد كرد و گوتى: "لە هەر سێ قەرەوێڵەى نەخۆش لە توركيا يەكێكى پڕە. ئەم جياوازييە لە كاتێكدا دەردەكەوێت كە لە ئەورووپا سەرجەم قەڕەوێڵەكانيان پڕن".
فەخرەددین كۆجا، هانى هاووڵاتيیانى دا بەردەوامبن لە پابەندبوونيان بە رێكارەكان و گوتى: "ئەگەر پابەندبين بە رێكارەكانەوە رێژەى گيانلەدەستدان كەمدەبێتەوە، پابەندبين بە رێكارەكانەوە ژمارەى نەخۆشەكانمان كەمدەبێتەوە. ئەمە روودەدات".
كۆجا سەبارەت بە شلكردنەوەى رێكارەكان لە مانگى رەمەزاندا گوتى: "نابێت مانگى رەمەزان وەك بيانويەک ببينين بۆ شلكردنەوەی رێكارەكانى خۆپاراستن. با بەربانگكردنى بەكۆمەڵ، دانيشتنى كۆمەڵايەتى، دەمەتەقێى رەمەزان بۆ ساڵى داهاتوو دوابخەين. پەڕينەوەمان بۆ دۆخى ئاسايى بە شێوەيەكى هەنگاو بەهەنگاو لە جەژن و پاش جەژن، پەيوەستە بە پابەندبوونى توندمان بە رێكارەكانى خۆپاراستن".
فەخرەددين كۆجا دەربارەى ئەگەرى سەرهەڵدانى شەپۆلێكى ديكەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە وڵاتەكە گوتى: "لەم چوارچێوەيەدا بەردەوام بين چاوەڕوانى شەپۆلێكى نوێ نابين. شەپۆلێكى نوێ لەئەگەرى پابەندنەبوونمان رووەدات".
وەزيرى تەندروستيى توركيا، فەخرەددين كۆجا، لە وەڵامى پرسيارێكدا دەربارەى دەنگۆكانى رۆژنامەى نيويۆرك تايمز بەوەى توركيا زانيارى ڤايرۆسى كۆرنا لە رێكخراوى تەندروستيى جيهانى دەشارێتەوە گوتى: "ئەو هەواڵە، بەتايبەتى بۆ دژايەتى توركيا دروستكراوە. ئێمە تاكو ئەمڕۆ هەموو زانيارييەكانمان بە شێوەيەكى شەفاف و بەو شێوەيەى كە دەيانەوێت داوە بە رێكخراوى تەندروستيى جيهانى و بەردەواميش دەبين".
گوتيشى: "شاردنەوەی زانياریى دەربارەى بەرەنگاربوونەوەى پەتاكە، كارێكە وەک پەتاكە مەترسيدارە. ئەگەر متمانە نەبێت ناتوانرێت بەسەر پەتايەكى وەها گەورەدا سەركەوتن بەدەستبهێندرێت".