23 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2020
مووش - AA
پارێزگای مووش یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی بەخێوکردنی مەڕ و بزن لە تورکیا و لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لە لەوەڕگەکاندا دەستی پێکردووە، بەڵام ئاژەڵداران رووبەڕووی کێشەیەکی نوێ بوونەتەوە کە ئەویش سەختی دۆزینەوەی شوانە.

لەوبارەیەوە سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی مووش، هاکیم یڵدرم رایگەیاند "ئاژەڵداران دوای کۆتایی هاتنی وەرزی زستان، دەستیان بە گەڕانەوە کردووە و لەم قۆناغەی ئێستاشدا، ناچارن شوان بەکرێ بگرن تا ئاگاداری ماڵاتەکانیان بن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە شوانیان دەست ناکەوێت و ناچارن هەرکەسە مەڕەکانی خۆی بلەوەڕێنێت".

جەمیل کاینار یەکێکە لە ئاژەڵدارەکانی گوندی بۆزبوڵوت سەربە پارێزگای مووش ئەو باس لەوە دەکات کە هەرچەندە ئامادەن پارەیەکی زۆر بدەن، بەڵام ناتوانن شوان بدۆزنەوە تا ئاگاداری ماڵاتەکانیان بێت و گوتی: "ئەو شوانانەی ساڵی رابردوو بە چوار هەزار لیرە کاریان بۆ دەکردنین، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) کارمان بۆ ناکەن. هەربۆیە دۆزینەوەی شوان کارێکی سەختە. چەند کەسێک پەیوەندییان پێوە کردین، بەڵام ئەوانیش داوای نرخێکی ئێجگار بەرز دەکەن، هەربۆیە خۆم ماڵاتەکەم دەلەوەڕێنم".
