Gökhan Varan
24 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئیدانەی ئەو راگەیەندراوەی کرد کە جۆ بایدن دەربارەی رووداوەکانی ١٩١٥ بڵاویکردبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا نوسیوویەتی: "لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٤ی نیسان لەبارەی رووداوەکانی ١٩١٥، بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین و بە توندی ئیدانەی دەکەین".
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە راگەیەندراوەکەی بایدن هیچ بنەمایەکی زانستی و یاسایی نییە، چونکە هیچکام لەو مەرجانەی بۆ بە "کۆمەڵکوژی" ناساندن پێویستن لە رووداوەکانی ١٩١٥دا نین.
ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە ئەرمینیا، پێشنیازەکەی تورکیا-ی بۆ دروست کردنی کۆمسیۆنێکی مێژوویی هاوبەش لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەسەند نەکردووە، هەتا ئێستاش تورکیا بۆ یەکلاییبوونەوەی راستییەکان هەمان پێشنیازی هەیە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جارێکی دیکەش بەرێزەوە یادی ئەو هاووڵاتییە موسوڵمان، مەسیحی و جوولەکانەی دەوڵەتی عوسمانی کراوەتەوە کە لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە بارودۆخی ناهەمواردا گیانیان لەدەستداوە و باس لەوەش کراوە کە ئەو پەیامەی دەربارەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییە ئەرمەنییەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانی، ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاڕاستەی پاتریارکی ئەرمەنییەکانی تورکیای کرد، رەنگدانەوەی تێڕوانینی حکومەتی ئەنقەرە-یە دەربارەی پرسەکە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوەش کردوەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا نە لە روانگەی رەوشت و نە لە روانگەی یاساییەوە مافی ئەوەی نییە لە پرسە مێژووییەکاندا بڕیار بدات، هەر بۆیە راگەیەندراوەکەی هیچ بەهایەکی نییە.