وەزارەتی بەرگریی تورکیا: "له نزیكهوه چاودێری پێشهاتەکانی سووریا دەکەین و گشت ڕێکارە پێویستەکان دەگرینەبەر"
Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوی کردەوە، لەم هەفتەیەدا ١٠ تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە، بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ خۆیان ڕادەست کردووە، گەیشتووەتە ٣٥ کەس.
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتەکەدا، بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
ئاکتورک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە سوپای تورکیا پێداگرانە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی لە سەر مانەوە و ئاسایشی وڵات لەسەر سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان هەن و، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنیندا، لە ماوەی هەفتەیەکدا ١٠ تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە، بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ خۆیان ڕادەست کردووە، گەیشتووەتە ٣٥ کەس. کارەکانی دیاریکردن و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی، هەروەها ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامە. بە تێکدانی دوو کیلۆمەتر تونێل لە منبج، تێکڕای درێژیی ئەو تونێلانەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن لە سووریا لەناوبراون، گەیشتە ٧٥٩ کیلۆمەتر".
هەروەها ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە بە سیستمی ئەمنی پلەبەندی و ڕێوشوێنی پاڵپشتیکراو بە تەکنەلۆجیا، بێوچان بەرەنگاربوونەوەی تێپەڕبوونی نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە.
گوتیشی: "لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر سنوورەکانمان ١٧٦ کەس دەستگیرکراون کە ١٢یان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستین. لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی نایاسایی دەستگیرکراون گەیشتووەتە ٩٦٦ کەس. لەگەڵ ڕێگریی کردن لە هەزار و ٧٣٥ کەسی دیکە لە ماوەی هەفتەکەدا، کۆی ئەو کەسانەی ئەمساڵ ڕێگرییان لێکراوە گەیشتە نۆ هەزار و ٧١٤ کەس".
هاوكات سهبارهت به پێشهاتهكانی سووریا ئاكتورك ڕایگهیاند: "چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە بە خێرایی تەواو بێت، لە ئێستادا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی مەیدانی دەکەین و هەموو ڕێکارە پێویستەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەماندا دەگرینەبەر".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
