Zana Natık Kerem
13 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە شاندێكی دانوستانكاری عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، مەهەدی رەشید حەمدانی بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئاو لەگەڵ توركیا و ئێران پێكهێنراوە.
لەمبارەیەوە بڕیاردەری لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیقبال عەبدولحوسێن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێی راگەیاندین كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی شاندێكی دانوستانكار بە ئامانجی سازكردنی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێران و توركیا بۆ یەكلاییكردنی دۆسیەی ئاو، پێكهێنراوە".
گوتیشی: "ئەو شاندەی عێراق كە بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا و ئێران بە ئامانجی یەكلاییكردنی دۆسیەی ئاو پێكهێنراو بە جیددی هەوڵ دەدات چارسەری گونجاو بۆئەو دۆسیە بدۆزێتەوە تا بەنداوی زیاتر دروست نەكرێت كە بەهۆیەوە ژمارەیەك ناوچەی عێراق بوون بە بیابان، ئەمە وێرای ئەوەی ئاو لە ناوچە كشتوكاڵییەكانی عێراق بڕاوە".
ئیقبال عەبدولحوسێن جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە شاندی دانوستانكاری عێراق لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە سەركەوتوو بێت و راشیگەیاند كە گرنگە دۆسیەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی عێراق وەك فشار بۆسەر ئێران و توركیا لە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئاوی هاوبەش بەكاربهێندرێت.