Muhammet Ali Kemal
15 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2017
ئەنقەرە- AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند، حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان چی پێویست بێت دەیکەن بۆ دەرکردنی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە شنگال.
بینالی یڵدرم بەشداریی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی هاوبەشی هەرسێ کەناڵی خەبەرتورک، بلومبێرگ و شۆ تیڤیدا کرد و، ژمارەیەک روونکردنەوەی دا و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بەبابەتەکانی رۆژەڤی دایەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم سەبارەت بەناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە دوێنێ ئێوارە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیدا ئەنجامیداوە، رایگەیاند عەبادی سەبارەت بەئۆپەراسیۆنی مووسڵ و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕەکانی ئەو ناوچەیە زانیاریی داوەتێ.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، حەیدەر عەبادی باسی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان تورکیا و عێراق کردووە و رایگەیاند ''لە سەردانەکەی پێشوومدا بۆ عێراق بەڵێنێکی دابوو، گوتبووی 'هەرگیز رێگە نادەن بەوەی پەکەکە لەو ناوچانە بڵاوەبکات. لەگەڵ پێشمەرگەدا وەک هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئاسایشی ئەو ناوچانە، دەگرینە دەست. لە ئێستادا هەنگاومان لەوبارەیەوە ناوە'. زانیاریی سەبارەت بەو بابەتانە دا''.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ''واتە ئێوە دەڵێن داڵدەدانی پەکەکە لە شنگال لەماوەی داهاتوودا چیدیکە نابێتە جێگەی باس''، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند ''بەڵێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش بەهەمان شێوە بیردەکەنەوە و چی پێویست بێت لەوبارەیەوە ئەنجامی دەدەن''.