Yusuf Batı
30 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2016
- ئەمڕۆ ٣٠ی ئاب ساڵیادی کوشتنی فورات سمپیلە، کە ساڵی رابردوو لەئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک کە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە لە شەقامی بویوکچەشمە لەگەڕەکی باغڵار لە شارۆچکەی سیلڤانی سەر بە پارێزگای دیاربەکر چێنرابوو، شەهید بوو. رووداوەکە کاتێک روویدا کە فوراتی تەمەن ١٣ ساڵان بۆ کڕینی سەوزە لە ماڵ دەردەچێت و چەکدارانی پەکەکە مینەکە دەتەقێننەوە و فوراتیش گیان لەدەستدەدات.
ئەمڕۆ ٣٠ی ئاب ساڵیادی کوشتنی فورات سمپیلە، کە ساڵی رابردوو لەئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک کە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە لە شەقامی بویوکچەشمە لەگەڕەکی باغڵار لە شارۆچکەی سیلڤانی سەر بە پارێزگای دیاربەکر چێنرابوو، شەهید بوو. رووداوەکە کاتێک روویدا کە فوراتی تەمەن ١٣ ساڵان بۆ کڕینی سەوزە لە ماڵ دەردەچێت و چەکدارانی پەکەکە مینەکە دەتەقێننەوە و فوراتیش گیان لەدەستدەدات. دایکی فورات کە ناوی قەدریە سمپیلە بەردەوام منداڵە کوژراوەکەی لەیادە.
قەدریە سمپیل بە زمانی کوردی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: ''راستە ساڵێک تێپەڕیووە بەسەر کووشتنی کوڕەکەمدا بەڵام ئەم برینە هەرگیز ساڕیژ نابێت و تادێت زیاتر دەکولێتەوە. لەوەتەی ئەم کۆستە جەرگبڕە روویداوە نامەوێ لە ماڵەوە بێمە دەرەوە. هەموو جارێک کە دەچمە بەر دەرگا ئەم کۆستە دێتەوە بەر چاوم. بەهۆی دەستکورتییمانەوە ناتوانین لە شوێنێکی دیکە خانوو بەکرێ بگرین. داواکارین دەوڵەت هاوکاریمان بکات لەو رووەوە. ئەگەر ماڵمان بار بکەین بۆ گەڕەکێکی دیکە هیچ نەبێت جارێکی دیکە ئەم شەقامە نابینمەوە کە کوڕەکەمی تێدا هەپڕوون هەپڕوون کرا".
سمپیل باسی کاتی روودانی کۆستەکەی کرد کە لەو کاتەدا فوراتی کوڕی ناردبوو سەوزە بکڕێت، گوتی: "لەکاتی تێپەڕینی زرێپۆشێکدا تەقینەوەکە روویدا. من قیژاندم، هەستم کرد کە کوڕەکەم بەشوێنی تەقینەوەکەدا تێدەپەڕێت. کوڕە گەورەکەم موراد پرسیاری لێکردم کە فورات لە کوێیە. منیش پێمگوت لەکاتی تەقاندنەوەی زرێپۆشەکە بەم شەقامەدا تێپەڕیوە و بەپەلە پێکەوە چووینە جێی تەقینەوەکە. لەوێ زانیم دەستێک کەوتووە. چەند هاووڵاتییەکی گەڕەک گوتیان لەوانەیە پێی ئاژەڵێک بێت. منیش گوتم نا ئەوە دەستی مرۆڤە".
ئەو دایکە ئاشکرایکرد هاووڵاتیان گوتوویانە تەرمێک لەژێر تانکەری گواستنەوەی ئاوەکەدایە و هەموویان کەوتنە خۆ بۆ ئەوەی بزانن کێیە و دواتر بۆیان دەرکەوت کە کەسوکاری ئەوان نییە.
قەدریە باسی لەوەکرد کە تەرمی کوڕەکەی نەدەناسرایەوە و گوتی: "من بە دەستە پەڕیووەکەیدا زانیم کە تەرمی کوڕەکەمە. تەرمی کوڕەکەمم لەژێر تانکەرەکە راکێشاو هێنامە دەرەوە".
- "دەیویست ببێتە ئەندازیار"
سمپیل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەکرد فورات منداڵێکی رێکوپێک و بەڕێز بووە، لەگەڵ ئەوەی ساڵێکە گیانی لەدەستداوە، هێشتا هاوڕێکانی سەردانی ئەوان دەکەن و گوتی: "خەڵکی بینی بە چ شێوەیەکی وەحشیگەریانە فوراتیان کوشت. خوایە چییان بەسەر من هێنا ئەوەیان بەسەربێتەوە. هیچ ئازارێک وەک ئازاری کوشتنی فورات جەرگبڕ نییە. لەبەر ئەوەی کەسێکی باش بوو خوا زوو بۆ لای خۆی بردییەوە".
قەدریە سمپیل جەختی لەوەکردەوە برینەکەی هەرگیز ساڕێژ نابێت و نزایکرد بۆ ئەوەی هیچ دایکێک وەک ئەو جەرگسووتاو نەبێت و گوتی: "با ئیدی واز بێنن لەو وەحشیگەریەی دەرهەق بەم خەڵکە دەیکەن. کەسانێک بۆ ئەوەی رووی راستەقینەی پەکەکە بشارنەوە گڵۆپی شەقامەکانیان دەشکاند. بەدزییەوە خەریکی ئامادەکردنی تەقەمەنی بوون. خوایە ئەوانەی ئاوا بەسەر ئەو گەلە مسوڵمانە دێنن، وەک ئێمەیان بەسەربێت. ئەو برینە هەرگیز ساڕێژ نابێت. کوڕەکەم دەیویست ببێتە ئەندازیار. دەمانەوێت سەرکۆمار هەموو هێزێکی بخاتە گەڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان. با ئەم کۆمەڵکوژییە کۆتاییبێت".