''هۆكاری هاوبه‌شی راسپاردنی كه‌سانی دیكه'' په‌یوه‌ندی تیرۆره
- وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووە كه ده‌ركه‌وتووه سه‌رۆك شاره‌وانییەکانی گه‌وره شاری دیاربه‌كر، ماردین و وان كه له كار دوورخراونه‌ته‌وه، تواناكانی ده‌وڵه‌تیان بۆ په‌كه‌كه به‌كارهێناوه.
Ankara
ئه‌نقه‌ره - AA
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه كه ده‌ركه‌وتووه سه‌رۆك شاره‌وانییەکانی گه‌وره شاری دیاربه‌كر، ماردین و وان كه له كار دوورخراونه‌ته‌وه، تواناكانی ده‌وڵه‌تیان بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی په‌كه‌كه ته‌رخانكردووه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌باره‌ت بهئهركداركردنهكان بۆ پۆستی سه‌رۆك شاره‌وانییەکانی گه‌وره شاری دیاربه‌كر، ماردین و وان ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه كه ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت به شارهوانییهكانیشهوه ناچارن له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئه‌رك، به‌رپرسیارێتی و ده‌سه‌ڵاته‌دا كار بكه‌ن كه به ده‌ستوور و یاساكان پێیان دراوه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه ئه‌و دامه‌زراوه و كه‌سانه‌ی پابه‌ندی ئه‌وانه نه‌بن و به ئارەزووی خۆیان و به ئاراسته‌ی كه‌سانی دیكه یان گرووپ و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان كار ده‌كه‌ن نه‌ك به قازانجی گه‌ل، ئه‌گه‌ر ده‌ستیان كرد به كاركردن له‌ژێر رۆشنایی چالاكییه‌كانی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و ئه‌وه‌یش بووه بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ری و ئیداری، ئه‌وا وه‌زاره‌ت له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له ده‌ستوور و یاساكاندا پێیدراوه، ئه‌ركی خۆی به‌جێده‌گه‌یه‌نێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره شاری دیاربه‌كر، عه‌دنان سه‌لچوک مزراكلی و سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره‌شاری ماردین، ئه‌حمه‌د تورك و سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌شاری وان، بهدیعە ئۆزگۆكچه ئه‌رتان لهكارهكانییان دوورخراونه‌ته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا به نموونه‌ی به‌رجه‌سته به ریز ئه‌و هۆكارانه خراوه‌ته‌ڕوو بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و سێ سه‌رۆك شاره‌وانییه و دانانی كه‌سانی راسپێردراو له شوێنه‌كانیان. به‌پێی ئه‌وه‌یش له ئه‌نجامی ئه‌و به‌ره‌نگاریه‌ی پێداگرانه له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به‌ڕێوه‌ده‌چن، په‌كه‌كه/كه‌جه‌كه و درێژكراوهكانیان دووچاری شكستی گه‌وره‌بوون و له رێگه‌ی هه‌ندێک سه‌رۆك شاره‌وانییه‌وه تواناكانی شاره‌وانییه‌كانیان بۆ مه‌به‌ستی نایاسایی به‌كارهێنا. ئه‌و كه‌سانه كه له ده‌ستوور و یاساكاندا ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كانیان دیاریكراوه، هه‌ندێک شاره‌وانی كه وه‌ك به‌شێك له داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی سه‌ره‌كیان ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستیه‌كانی خه‌ڵكه كردووه‌ته ناوه‌ندی لۆجستی بۆ پشتیوانی له چالاكییه‌كانی تیرۆر. هاوكات هه‌وڵدراوه ئه‌و شاره‌وانییانه جیاواز له ناوچه‌كانی دیكه‌ی وڵات بكرێنه به‌شێك له مۆدێلی حكوومه‌تێكی جیاواز و به ئه‌نقه‌ست ''یه‌كپارچه‌ی دانه‌بڕاوی ده‌وڵه‌تی وڵات و گه‌له‌كه‌ی'' كه له سێیه‌مین مادده‌ی ده‌ستوور به‌ڕوونی باسكراوه وه‌ك ئامراز به‌كارهێنراوه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه له ئه‌نجامی سه‌لماندنی ئه‌و دۆخه به لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ری و ئیداری له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌ی به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ره له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بوون به رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و پشتیوانیكردنی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان به‌پێی ١٢٧هه‌مین مادده‌ی ده‌ستوور و ٤٧هه‌مین یاسای ژماره ٥٣٩٣ی شاره‌وانی لهكاردوورخراونهتهوه و به‌پێی ٤٥هه‌مین مادده‌ی یاسای شاره‌وانی سه‌رۆك شاره‌وانی بە وەکالەت له شوێنه‌كانیان دانراون.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه له‌و قۆناغه‌دا له ئه‌نجامی بهرهنگاربوونەوەی چڕی هه‌موو یه‌كه‌كانی ده‌وڵه‌ت، په‌یوه‌ندیكردن به ریزه‌كانی په‌كه‌كه له ٣٠ ساڵی رابردوودا دابه‌زیوه بۆ نزمترین ئاست و ژماره‌ی ئه‌ندامانی له ناوخۆی وڵات له نزیك دوو هه‌زاره‌وه دابه‌زیوه بۆ ٦٠٠.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه دوای دانانی كه‌سانی راسپێردراو له‌و شاره‌وانییانه‌دا سه‌رچاوه‌ی شاره‌وانی زۆر پارێزگا و شارۆچكه‌ی خۆرهه‌ڵات و باشووری خۆرهه‌ڵات له‌بری پشتیوانی دارایی بۆ په‌كه‌كه بۆ خزمه‌تكردن به‌كارهێنراو و ئه‌و شارانه‌ی به چاڵ و دانانی به‌ربه‌ست هه‌وڵدرا بكرێنه پێكهاته‌یه‌كی پشێویدار، خزمه‌ت و ئارامی تیایاندا كرایه پێشه‌نگ و به كه‌سانی راسته‌قینه‌ی شاره‌وانی ناسێندران. له سایه‌ی ئه‌وه‌شدا سه‌رچاوه گشتییه‌كان كه خرانه ده‌ستی پاك دوای ئه‌وه‌ی له خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی به‌كارهێنران، ئاستی ئارامی و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتییانی زیادكرد.
رێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه و درێژكراوه سیاسییه‌كانی كه به هۆی دانانی كه‌سانی راسپێردراو بۆ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانه ئەو توانایانه‌یان له‌ده‌ستدا كه بۆ شاره‌وانییه‌كان دابین ده‌كرا، هه‌ڵبژاردنه گشتییه ئیدارییەكانی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩یان به هه‌لزانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له ده‌سته‌به‌ركردنی چه‌كدار و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رچاوه‌ی ماددی رووبه‌ڕوویان ببووه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه په‌كه‌كه هه‌وڵی زۆری دا بۆ كاندیدكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاسان ئاراسته ده‌كرێن و له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدا ده‌بن كه كاتێک هه‌ڵبژێردران. هه‌روه‌ها به ئه‌نقه‌ست كه‌سانێكیان كاندیدكرد كه ده‌یانزانی به‌تۆمه‌تی ''دامه‌زراندن یان به‌ڕێوه‌بردنی رێكخراوی تیرۆریستی چه‌كداری، ئه‌ندامبوون له رێكخراوی تیرۆریستی چه‌كداری، پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی، شانازیكردن به تاوان و تاوانباران'' لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ره، به تایبه‌تی ئه‌حمه‌د تورك كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ره، به‌ڵام به هۆی كێشه‌ی ته‌ندروستییه‌وه بێ ده‌ستبه‌سه‌ری دادگایی‌کردنی به‌رده‌وامه. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عه‌دنان سهلچوك مزراكلی-یان كاندید كرد بۆ سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره‌شاری دیاربه‌كر كه نۆ لێكۆڵینه‌ی جیای تۆمه‌تی تیرۆری له‌سه‌ره، ئه‌حمه‌د تورك-یان كاندید كرد بۆ سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره‌شاری ماردین كه شه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌ی تۆمه‌تی تیرۆری له‌سه‌ره، بهدیعە ئۆزگۆكچه ئه‌رتان-یان كرده كاندیدی سه‌رۆك شاره‌وانی وان كه ئه‌ویش حه‌وت لێكۆڵینه‌وه‌ی جیای تیرۆری له‌سه‌ره. كاتێكیش ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵبژێردران به سه‌رۆك شاره‌وانی له‌بری دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك ده‌ستیانكرد به جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی په‌كه‌كه، لێدوانه ئایدۆلۆجیه‌كانی و پشتیوانیكردنی كرده‌كانی، به‌و هۆیه‌شه‌وه زۆر سكاڵا، زانیاری و هه‌واڵ گه‌یه‌ندراوه‌ته وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌باره‌ی هه‌ڵوێست و لێدوانه‌كانیان و گواستنه‌وه و ئاراسته‌كردنی تواناكانی شاره‌وانی بۆ په‌كه‌كه.
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونیان، سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی گه‌وره‌شاره‌كانی دیاربه‌كر، ماردین و وان ده‌ستیانكرد به په‌یڕه‌وكردنی هاوسه‌رۆكی و له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا كاریان به‌و كارمه‌ندانه‌ی پێشووی شاره‌وانی كرد كه به هۆی په‌یوه‌ندییان به په‌كه‌كه‌وه له‌كار دوورخراونه‌ته‌وه و هیچ سیفه‌تێكی فه‌رمیان نییه. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر لیستی هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنه خۆجێییه‌كاندا بوونه‌ته ئه‌ندام لە ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌كاری حكوومی دوورخراونه‌ته‌وه نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان نه‌دراوه‌تێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی راسپێردرابن به كرداری له شاره‌وانییه‌كاندا راسپێردران.
هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه له‌و شاره‌وانییانه‌دا هەلی كاریان بۆ كه‌سوكاری چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌سته‌به‌ركردووه و هه‌وڵیان داوه پشتیوانی ماددی بده‌ن به خێزانه‌كانیان و له لایه‌كی دیكهیشەوه سه‌رزه‌نشتیان به‌رامبه‌ر كه‌سوكاری شه‌هید په‌یڕه‌وكردووه و شوێن كاره‌كانیان گۆڕیون یان له‌كار دووریان خستوونه‌ته‌وه.
عه‌دنان سهلچوك مزراكلی كه بۆ پۆستی سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره‌شاری دیاربه‌كر هه‌ڵبژێردرا سه‌ره‌تا كارتی ناسنامه‌ی فه‌رمانبه‌ران و كرێكارانی گۆڕی. له ناسنامه نوێیەكهدا لۆگۆی ئاڵای توركیای لابرد كه پێشتر له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی چه‌پی ناسنامه‌كه‌دا هه‌بوو. له ناسنامه نوێیەكهدا ته‌نها لۆگۆی شاره‌وانی گه‌وره‌شاری دیاربه‌كر مایه‌وه.
مزراكلی كه له‌نێو پێكهاته‌ی به‌ناو لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌كه‌كه‌دایه له به‌رواری جیادا له‌و نه‌خۆشخانانه‌ی كاریكردووه به‌بێ هیچ تۆمارێكی فه‌رمی و به شێوه‌یه‌كی نهێنیی چاره‌سه‌ری بۆ زۆر بریندار یان نه‌خۆشی په‌كه‌كه كردووه و ده‌سته‌به‌ری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه له گونده‌واره‌كان دابینكردووه. ئه‌م سه‌رۆك شاره‌وانییه كه به‌شداری له پرسه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌دا كردووه و سه‌ردانی گۆڕی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كردووه و به ئاشكرا پشتیوانی له په‌كه‌كه و چه‌كداره‌كانی كردووه له دوای هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانییه‌كه‌ی ٢٠١٩ ناوی شه‌قام، كۆڵان یان پاركه‌كانی گۆڕی بۆ ناوی ئه‌ندامانی په‌كه‌كە كه به هۆی ئهندامبوونیانهوه سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. شه‌قامی ''عیاز بن غونم'' كه به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی دیاربه‌كر و به ره‌زامه‌ندی پارێزگاری شاره‌كه ناو نراوه، مزراكلی دوای ئه‌وه‌ی بوو به سه‌رۆك شاره‌وانی ویستی ناوه‌كه‌ی بگۆڕێت بۆ ''ئیلهان دیكه‌ن'' كه به‌تاوانی ''ئه‌ندامبوون له په‌كه‌كه، هاوكاریكردن و په‌نادان''ی سزای سێ ساڵ و نۆ مانگی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.
مزراكلی له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٧دا له چالاكی به‌ناو یادكردنه‌وه له‌سه‌ر گۆڕی زولكوفور گه‌زه‌ن له ریزی یه‌كه‌م بوو، ئەنجامدەری هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئۆتۆمبێلی تیمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی دیاربه‌كر كه بە هۆیەوەپۆلیسێك كوژرا و پێنج كه‌سیش برینداربوون كه دووانیان پۆلیس بوون. هه‌روه‌ها له ١٥ی ئابدا به‌شداریكرد له به‌ناو چالاكی یادكردنه‌وه بۆ یه‌كه‌م كرده‌ی چه‌كداری په‌كه‌كه كه له ١٥ی ئابی ١٩٨٤ له ئه‌روهـ كه تیایدا سه‌ربازێك گیانی له‌ده‌ستدا و شه‌ش سه‌رباز و سێ مه‌ده‌نیش برینداربوون. به‌مه‌یش پشتیوانی له رێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مزراكلی له رۆژی عه‌ره‌فه‌دا سه‌ردانی گۆڕی هه‌ریه‌ك له ئۆكان ئهمهكتار، به‌ناو ''به‌رپرسی یه‌كه‌ی به‌ره‌ی گابار/كه‌ربۆران''ی په‌كه‌كە كه له شه‌شی ئاداری ٢٠١٦ له چالاكی خرا، له‌گه‌ڵ گۆڕی عه‌بدوڵڵا ئۆزگول له ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ر پێكهاته‌ی شاری په‌كه‌كه له جزیر له چالاكی خرا.
ئه‌حمه‌د تورك كه له ٣١ی ئاداردا سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره‌شاری ماردین هه‌ڵبژێردرا یه‌كه‌م كاری بریتی بوو له هه‌ڵگرتنی ئاڵای توركیا له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی شاره‌وانی. جابار لهیگارا-ی كرده به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هۆبه‌یه‌ك كه نزیكه‌ی دوو هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه و زۆر خزمه‌تگوزاری شاره‌وانییه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات و به‌تۆمه‌تی تیرۆر لێكۆڵینه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌نڤه‌ر ئه‌ته-ی كرده به‌ناو راوێژكار و له شاره‌وانی ئه‌ركی جۆراوجۆری پێسپارد كه به هۆی تۆمه‌تی تیرۆره‌وه له كاری حكوومی ده‌ركراوه و دادگای له ماردین درێژه‌ی هه‌یه، هاوكات برای عه‌لی ئه‌ته-یه كه ناوه نهێنییه‌كه‌ی ''زاگرۆس باهۆز''ه كه له ساڵی ٢٠١٤دا چووه‌ته ناو په‌كه‌كه‌وه له ٢٠١٨‌دا له گونده‌واری نازمییه‌ی دێرسم له چالاكی خراوه.
ئه‌حمه‌د تورك له ٣٠ كانوونی دووه‌مدا له كۆبوونه‌وه‌ی ناساندنی كاندیداندا كه به‌ناو مارشی په‌كه‌كه‌ی تیادا لێدرا له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌شداربوواندا هه‌ستایه‌وه بۆ وه‌ستانی رێز. هه‌روه‌ها له شه‌شی شوباتدا به‌شداریكرد له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی كه به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له ئه‌ندامانی په‌كه‌كه رێكخرا كه به فه‌رمانی سه‌رده‌سته‌كانی په‌كه‌كه به‌تایبه‌تی مسته‌فا كاراسو له زیندان ده‌ستیانكردبوو به مانگرتن له خواردن.
سه‌رۆك شاره‌وانی گه‌وره‌شاری وان، بهدیعە ئۆزگۆكچه ئه‌رتان له چواری ئابی ٢٠١٨‌دا، به‌شداریكرد له به‌خاكسپاردنی مه‌ولوده بۆزكورت كه ئه‌ندامی په‌كه‌كه/كه‌جه‌كه بوو و له جزیر له چالاكی خرابوو.
ئه‌رتان له نۆی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥دا له پاركی بێشیۆڵی دابائۆغڵو شارۆچكه‌ی ئیپه‌كیۆڵو له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا بوو كه تیایدا دروشم به وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان-ه‌وه به‌رزكرایه‌وه و گوتار خوێندرایه‌وه كه شانازی تیا‌بوو بۆ ئۆجه‌لان. هه‌روه‌ها به ئۆتۆمبێلی شاره‌وانی سێ چه‌كداری په‌كه‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه كه ئاماده‌كاریان كردووه بۆ كرده‌ی تیرۆر و به‌شداریكردووه له به‌خاكسپاردنی ئه‌حمه‌د دهمیرئاغاچ كه له ئۆپه‌راسیۆنێكدا له چالاكی خرا، ئرزو بیلمه‌ز كه له شارۆچكه‌ی شه‌مزینان له چالاكی خرا له‌گه‌ڵ نوهاری یاجان كه یه‌كێك بوو له ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سه‌ر ئۆتۆمبێلی پۆلیس له ناوه‌ندی وان.